سەردێڕ:

نوێترین هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە دیداری رۆحانی و ترەمپ لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا

فۆتۆ: 
2019-09-06

8583 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری ئێران لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دیداری نێوان حەسەن رۆحانی و دۆناڵد ترەمپ دەکەن لە کاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی سەرکردەکانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە بڕیارە کۆتای ئەم مانگە لە نیۆرک کارەکانی دەستپێبکات.

 عەلی رەزا موسەوی وتەبێژی گروپی ئێران لە لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکردووە، ئەو داوایە لە ئێران نەکراوە و لە ئێستادا ناتواندرێت کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو سەرۆک لە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان رێکبخرێت.

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەو کاتە دەستیپێکرد، کە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران راگەیاند، دوای کشانەوەش لە رێککەوتنەکە واشنتۆن جارێکی دیکە سزاکانی بۆ سەر کەرتی نەوت و ئابوری و تەکنەلۆجیای سەربازی و ھێڵی فرۆکەوانی ئێران گەڕاندەوە، ھۆکاری سزاکانیش بریتیبوو لە تۆمەتبارکردنی تاران بە پشتیوانی کردنی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ حەسەن رۆحانی پێشانداوە، بەڵام رۆحانی دیداری لەگەڵ ترەمپ رەتکردووتەوە تا ئەو کاتەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵدەوەشێنرێتەوە.

ھـ.ع