سەردێڕ:

ئەمریکا: هەر لایەنێک پشتیوانى کەشتی ئادریان داریا بکات دەخرێتە لیستى رەشەوە

فۆتۆ: 
2019-09-06

3969 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، هەر لایەنێک سوتەمەنى بدات بەو کەشتیە نەوتەهەڵگرەى ئێران کە خراوەتە لیستى رەشەوە ئەوا ئەویش دەخرێتە لیستى رەشەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا هۆشیاریی دا لەوەی "هەر یارمەتیدانێکی ئەو کەشتیە پشتیوانیکردنە لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی ئێران. "

ئاماژەبەوەشکراوە، "هەر گواستنەوەیەکی نەوت بۆ سوریا لەڕێی ئەو کەشتیەوە پشتیوانیە لە تیرۆر و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد."

لە ٣٠ ی مانگی ئابدا ئەمریکا کەشتی نەوتهەڵگرى ئێرانى ئادریان داریا کە پێشتر بە گرەیس یەک ناسرابوو خستە لیستی ڕەشەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ھیچ وڵاتێک رێگە بە کەشتییەکە نادات لە بەندەرەکانیدا لەنگەر بگرێت و سوتەمەنی بداتێ بەوهۆیەشەوە بەردەوام لەھاتوچۆدایە.

لە مانگی تەموزى رابردوودا بەڕیتانیا لە جەبەل تاڕیق دەستی بەسەر ئەو کەشتیە نەوت هەڵگرەی ئێراندا گرت کە ئەو کات بە گرەیس یەک ناسرابوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گومانی ئەوەیان لێکرد نەوت بگوازێتەوە بۆ سوریا.