سەردێڕ:

ئەفغانستان... بەهۆی تەقینەوەیەکەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-09-05

706 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆمبێکی چێندراو لە شاری کابول تەقییەوە و ٤ کەس کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

نوسرەت ڕەحیمی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە لاپەڕەی تایبەتی فەیسبووکدا نوسی، ڕووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بە بۆمب چێنراوەوە بووە.

هاوکات بەرپرسانی نەخۆشخانەی وەزیر محەمەد ئەکبەرخان بە تۆڕی میدیایی بی بی سی بەریتانییان ڕاگەیاندووە، تا ئێستا چوار کوژراو و٣٠ بریندار هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆى ئەفغانستان ڕایگەیاند، لەم ڕووداوەدا ١٢ ئۆتۆمبێلی تایبەت سوتاون.

 لەلایەکی دیکەوە بزوتنەوەی تاڵیبان بەرپرسارێتی خۆی لەم تەقینەوەیە ڕاگەیاند.

زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، ئەو تەقینەوەیەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە چوارڕیانی هەواڵگریدا ڕوویدا ئامانج لێی کاروانی هێزە بیانییەکان بووە.

ئەم تەقینەوەیە لەکاتێکدایە ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە گفتوگۆدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان کە بە درێژترین شەڕ دادەنرێت لە مێژووی ئەمریکادا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا پلانی هەیە پێنج هەزار سەربازی خۆی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە، ڕەخنەگرانیش ئەمە بە "سەرکەوتن بۆ تاڵیبان" ناودەبەن.

ڕۆژى سێشەممە ٣ى ئەیلول تەقینەوەیەکى بەهێز کۆمەڵگەى (گرین فلیج)ى لە گەڕەکى شورتە لە کابوڵى پایتەخت کردە ئامانج کە نوسینگەى چەندین ڕیکخراوى نێدەوڵەتى و شوێنى پێشوازى میوانانى لێیە و بەوهۆیەوە لانى کەم ١٦کەس کوژران و ١١٥کەسیش برینداربوون.