سەردێڕ:

ئەمریکا و تورکیا جەخت لە خێرا دروستکردنى ناوچەى‌ ئارام دەکەنەوە

فۆتۆ: 
2019-09-05

1656 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا و تورکیا جەخت لە خێراكردنی هه‌نگاوەکان دەکەنەوە بۆ دروستکردنى  ناوچەى‌ ئارام له‌ باكوری سوریا.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆمارى تورکیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئیبراهیم كاڵن وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا لە په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا تاوتوێى هەنگاوەکانى دروستکردنى ناوچەى ئارامیان کردووەو تیشك خراوەتە سەر ئەوەى كه‌ توركیا ئاماده‌كارییه‌كانی له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی بێ دواكه‌وتنی پلانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی توركیا و ئه‌مریكا، ته‌واوكردووه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پاراستنی رێككه‌وتنی ئیدلب و به‌خێرایی ته‌واوكردنی کارەکانى لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورى سوریا و رێگرییكردن له‌ درووستبوونی كاره‌ساتی مرۆیی و شه‌پۆلی نوێی كۆچ كرایه‌وه‌.

هاوكات باسی كۆبوونه‌وه‌ی چاوەڕوانکراوى نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و دۆناڵد ترەمپ کراوە لە چوارچێوەى سەردانى ئەردۆغان بۆ بۆ شاری نیویۆركی ئه‌مریكا، له‌ نێوان رۆژانی ٢٢ تا ٢٥ی ئه‌یلول به‌ مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.