سەردێڕ:

ئەو منداڵەى بەهۆى شەهیدبوونى باوکییەوە جەڵتەى مێشک لێیدا گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-08-25

11663 جار خوێندراوەتەوە

زۆرن ئەو شیعرو شانامانەى بۆ باوک نوسراون، بەڵام رەنگە هیچیان هێندەى بڕیار نەیانتوانى بێت خۆشەویستى و گەورەى باوک بگەیەنن.

منداڵێکى گەرمیانى کە هەموو خۆشیەکانى ژیانى خۆى لە چاوى باوکییەوە بینیوە، هەر لەسەرەتاى بەهارى تەمەنیەوە لە باوەشى پڕ لە سۆز و میهرەبانى باوکى بێبەش دەبێت و بەرگەى ئەو دابڕانە ناگرێت.

بڕیاری تەمەن چوار ساڵ، کوڕى شەهید ئاسۆى مام جەلال مەسۆیى بوو، کۆتایى مانگى رابردوو لە هێرشێکى داعشدا باوکى لەگەڵ سێ پێشمەرگەو ئاسایشدا شەهیدبوو.

بەپێى وتەی کەسە نزیکەکانى بێت لەو کاتەوە قەڵاى هیواو ئومێدى بڕیار دەڕمێ و رۆژانە داواى بینینى باوکى دەکات، وشەى باوک بووەتە وێردى سەر زمانى بڕیار.

بیرکردنەوە لە باوکى کاریگەرى لەسەر تەندروستى بڕیار دروستدەکات و رۆژى هەینى رابردوو دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەى سلێمانى و بەوتەى پزیشکەکان جەڵتەى میشک لێیداوە.

بۆ ماوەى ٤٨ کاتژمێر بڕیار لە ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدا بوو، هیچ ئاماژەیەک نەبوو بەوەى بگەڕێتەوە، خەمى ئەو زۆر لە هەوڵە تەندروستیەکان زیاتر بوو، رەوشى تەندروستى بەو شێوەیە بەردەوام بوو تا ئێوارەى یەکشەممە مێشکى لەکار کەوتوو گیانى لە دەستداو بە یەکجارى گەڕایەوە بۆ لاى باوکى.

کەسوکارەکەى بڕیار کە چەندین شەهیدیان هەبووە سوربوونى خۆیان لەسەر خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن.

بڕیار سێ براى دیکەى لە خۆى گەورەتر هەیەو باوکى لە گۆڕستانى سەیوان بەخاکسپێردراوەو بڕیاریش لە تەنیشتیدا بەخاکسپێردراو بۆ هەتاهەتایە لە تەنیشت باوکى دەبێت و پیشتر بڕیار باوکى و باپیرى شەهیدبوون.