سەردێڕ:

ئیسرائیل هەڕەشەى لەچەند وڵاتێک کرد

فۆتۆ: 
2019-08-25

15866 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل هەڕەشەى لەو وڵاتانە کرد کە لە خاکەکەیانەوە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەى.

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە هاوکات وەزیرى بەرگریى ئیسرائیلیشە لە میانى بەسەرکردنەوەى هێزە چەکدارەکانى لە باکورى وڵاتەکەى ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک ڕێگە بە ئێران بدات لە خاکەکەیەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئەوا دەبێت چاوەڕوانى ئەنجامەکەشى بێت.

ڕاشیگەیاند، زانیارییان بەدەستگەیشتووە، کە فەیلەقى قودسى ئێرانى  یەکەیەکى تایبەتى ڕەوانەى سوریا کردووە لە پێناو ڕووبەڕووبونەوەى ئیسرائیل لە ناوچەى جۆلان.

ئاماژەى بەوەشکرد، تەلئەبیب بەهیچ شێوەیەک ڕازى نابێت لە هیچ وڵاتێکەوە هێرشى بکرێتەسەر.

دەشڵێت، لەمڕۆ بەدواوە تەواوى هەوڵەکانى ئێران دەردەکەوێت کە لەژێر چ ناوێکەوە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بە یاوەرى سەرۆک ئەرکانى سوپا و فەرماندە سەربازیەکان ئەمڕۆ هێزە ئەمنیەکانى وڵاتەکەى بەسەرکردەوە و پێیانى ڕاگەیاند، "هەر کەسێک هات بۆ کوشتنت یەکەمجار تۆ بیکوژە".

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی ئیسرائیل هێزێکی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە نزیک شاری دیمەشق لە سوریا کردووەتە ئامانج.

لە بەرانبەریشدا فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتیکردەوە، دوێنێ پێگەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە لەناو خاکی سوریادا کرابێتە ئامانج.