سەردێڕ:

دادگای تاوانەکانى سلێمانى بە سیفەتی تەمیزی فەرمانی دەستگیرکردنى شاسوار عەبدلواحیدی هەڵوەشاندەوە.

فۆتۆ: 
2019-08-25

1616 جار خوێندراوەتەوە

دواى زیاتر لە ٢٦ رۆژ بەسەر فەرمانى دەستگیردنى شاسوار عەبدلواحید لە لایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانییەوە، بە نوسراوێکى فەرمى دادگای تاوانەکانى سلێمانى بە سیفەتی تەمیزى فەرمانی دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێی هەڵوەشاندەوە.

بەپێى نوسراوێکى دادگاى تاوانەکان کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە و بەروارى ٢٥ى ٨ى لەسەرە هاتووە،کە دەبوو دادگا لێکۆڵینەوە بکات کە ئایا گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکە و سکاڵاکاران بەشێوەیەکى ئسوڵى کراوە یاخود نا، وە ئەگەر بە ئسوڵى کرابێت وە بەرەزامەندى خۆیان، ئەوە ئەو کات فێڵ لە کوێدایە.

ئەمە جگە لەوەی دادگای تاوانەکان بە سیفەتی تەمیزی رایگەیاندوە کە چۆن پێش لێکۆڵینەوەی ورد فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەردەکرێت لەسەر داوایەکى لەو جۆرە؟ لە کاتێکدا پێشتر هەمان سكاڵا هەبووە لە هەمان دادگا و داخراوە.

هەر لەسەر ئەو پرسە ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەى نەوەی نوێ بە هاوکاری ئۆفیسی میدیایی جوڵانەوەکە راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، لە نێوان ٢٠١٩/٣/٣ تاوەکو ٢٠١٩/٧/٢٤ واتە لە نێوان کەمتر لە پێنج مانگ، چوار فەرمانی گرتن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەکە دەرچووە، هۆکارەکەشى دەگەرێننەوە بۆ بەرەوپێشچوونی جوڵانەوەکە و گۆڕینی شێوازی کاری حیزبایەتیی، لە شێوازی تەقلیدیی و باوەوە بۆ شێوازی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و ملنەدانی بۆ دەسەڵات و تەسلیم نەبوون بەویست و حەزی دوو پارتی دەسەڵاتدار.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە دوایین جار فەرمانێکی نوێی گرتن بۆ شاسوار عەبدلواحید دەرکراوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، بە تۆمەتی هاندان بۆ سوتانی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیی لە ساڵی ٢٠١٥، لە کاتێکدا ئەوکات ناوبراو نە پارتی سیاسیی هەبووە و نە هیچ بەرژەوەندییەکی هەبووە و تەنانەت خودی یەکگرتووش لەبەردەم دادوەردا ڕایانگەیاندوە هیچ جۆرە سکاڵایەکیان نییە لەسەر "شاسوار عەبدولواحید"، بەڵام دادوەری هەڵەبجە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردووە.

وەک لە راگەیەنراوەکەى ئۆفیسی یاسایی و میدیایی جوڵانەوەکەدا هاتووە، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیا بازرگانیەکان و پرۆژە وەبەرهینانەکانی هەبووە (٢٠٠٧ تا ٢٠١٧) بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنى بۆ دەرنەکراوە لە ژێر هیچ ناونیشان و بیانویەکدا، نە بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" نە "کاری تری نا یاسایی"، وە هیچ دادگایەکی هەرێمی کوردستانیش حوکمی ناوبراوی نەداوە.

لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەدا ئۆفیسى یاسایی و میدیایی جوڵانەوەکە داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و قونسوڵیەتەکان و نێردە نێودەوڵەتییەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر فشار بکەنە سەر دەسەڵات، بە مەبەستی رێزگرتنی رای جیاواز و فرەڕەنگیی و فرەحیزبیی سیاسیی لە هەرێم.

چونکە گەر هاوڵاتیان بێهیوا بن لە پرۆسەی دیموکراسی و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی، ئەوا بەدیلەکەی توندوتیژییە.