سەردێڕ:

وردەکاریى تەقەکردن لە ماڵى بەرپرسى بەشى زیادەرۆیی شارەوانى سلێمانى

فۆتۆ: 
2019-08-25

9629 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى ئەو ڤیدیۆیەى لە کامێرەى چاودێرییەوە تۆمارکراوە و دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە، کەسێک لە ئۆتۆمبێلێکەوە چەند فیشەکێک بەرەو ماڵ و ئۆتۆمبێلێکى بەرپرسێکى شارەوانیى سلێمانى دەتەقێنێت.

درەنگانێکى شەوى ٣١ لەسەر ١ى مانگى رابردوو، کاتێک بێدەنگى باڵى بەسەر شار و گەڕەکەکەدا کێشاوە، لەپڕ دەنگى دەقەیەکى زۆر دەبیسترێت.

بەپێى ئەو ڤیدیۆیەى لە کامێرەى چاودێرییەوە تۆمارکراوە و دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە کەسێک لە ئۆتۆمبێلێکەوە چەند فیشەکێک دەتەقێنێت بەرەو ماڵ و ئۆتۆمبێلی ئارى عوسمان بەرپرسى بەشى زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانى.

ئارى عوسمان تەنیا شەش مانگە دەستبەکاربووە، باس لەوە دەکات کێشەى لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و هەر هەڕەشەیەکیشى لەسەربێت پەیوەندیى بە کارەکەیەوە هەیە.

بەهۆى تەقەکردنەکەوە نۆ فیشەک بەر ئۆتۆمبێل و بەشى دەرەوەى ماڵەکە کەوتووە، رووداوەکە بەبێ هیچ زیانێکی گیانى تەواو بووە.

سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسى بەشى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى پۆلیسى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، بەدواداچوونی کردووە و سەرەداوی دەستکەوتووە و، گومانى لە چەند کەسێک هەیە.

تەقەکردن لە ماڵى ئەو بەرپرسە لەکاتێکدایە، رۆژانە لە چوارچێوەى یاسادا کار لەسەر رێگرى لە زیادەرۆیی دەکەن بۆ سەر موڵکى گشتى.

لە ماوەى رابردووشدا شارەوانى رایگەیاندووە، ئەو زەوییانەى لەلایەن بەرپرس و کەسانى دەستڕۆیشتوو داگیرکراون لەکاتى چوونى لیژنەکانیان بێجگە لەوەى رووبەڕووى هەڕەشە بوونەتەوە، تەقەشیان لێکراوە.