سەردێڕ:

وەزارەتی ئەوقاف لەسەر بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتە دەنگ

فۆتۆ: 
2019-08-25

6667 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەربارەی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئیدانەی ئەو جۆرە کردەوە تێکدەرانە دەکەن کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٥ى ئابى ٢٠١٩ بڵاویانکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "لە دوو ڕۆژی رابردوودا ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تیایدا دوو کەسی نابەرپرس و دوور لە ھەموو ئادابێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤی، بێ ڕێزی بە ھەندێ نوسراوی ئایینی دەکەن کە لەسەر ڕێگایەک دانراوە."

دەشڵێن، "گەرچی کەسەکان و شوێنەکە نەزانراوە کوێیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە توندی ئیدانەى دەکەین، بۆیە ئەرکی ھەموو ھاونیشتیمانییەکە بەبێ جیاوازی، کە ھەر زانیارییەکیان ھەیە دەربارەی بکەرانی ئەم رووداوە، ئاگاداری ئێمە وەک وەزارەت بکەنەوە تا لە ڕێگەی یاساوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین."

وەزارەتى ئەوقاف داوا لە سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەن "تاوانباران بدۆزنەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن، ھاوڵاتییانی ئازیزی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە کاری لەپێشینەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ھەموو لایەکە و، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی راسپێردراوە و ڕێکاری پێویست ئەنجامدەدات."

چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە و تێیدا چەند کەسێک کە بە زمانى کوردى قسەدەکەن و تابلۆیەک کە ناوى خواى لەسەرە و دەیهێننە خوارەوە و ئیهانە بە ئاینى ئیسلام دەکەن.