سەردێڕ:

سەماوە.. کار بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى تر نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-08-25

3176 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، محەمەد عامر

دوو گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی تر له‌ سه‌ماوه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا پڕۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌یان بۆ نه‌كراوه‌.

هه‌دار بارزانی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی عێڕاق بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگه‌یاند، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ مەراسیمێكی شایسته و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان حكومه‌تی عێڕاق و حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی وڵاتانی جیهانی و ناوخۆیی و ناچه‌كه‌ كار بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان بكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی عێڕاق پێشبینیش ده‌كات به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ماوه‌، ژماره‌ی رووفاته‌كان بگاته‌ ٥٠٠ كه‌س، كه‌ سه‌رجه‌میان كوردن و خه‌ڵكی گه‌رمیانن.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و ١٧١ ڕوفاته‌شی كه‌ له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ماوه‌ دۆزارانه‌وه‌، خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوون و له‌ ساڵی ١٩٨٨ ئه‌نفالكراون، ئێستا كار بۆ ناسینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كان ده‌كرێت و ڕۆژانه‌ له‌ پزیشكی داد له‌ به‌غداد  پشكنینی DNAیان بۆ ده‌كرێت.