سەردێڕ:

بڕیاری کوڕی شەھید ئاسۆ جەلال مەسۆیی کۆچی دوایکرد

فۆتۆ: 
2019-08-25

17240 جار خوێندراوەتەوە

ئەو منداڵەى دواى شەهیدبوونى باوکى توشى نەخۆشى جەڵتەبوو ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى کۆچی دوایکرد.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٥ى ئابى ٢٠١٩ لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى بریار شەهید ئاسۆ کە بە بڕیارى شەهیدى ئاسۆى جەلال مەسۆیى ناسرابوو دواى دوو ڕۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانى لەدەستدا.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیار دواى زانینى هەواڵى شەهیدبوونى باوکى لە هێرشەکەى سەر ئاسایشى کۆکز لە جەلەولا توشى نەخۆشى  جەڵتەبوو.

هاوکات کەسوکاری شەھید ئاسۆ ڕایگەیاند، تەرمی بڕیار لە تەنیشت باوکییەوە بەخاک دەسپێرن.

شەوى ٣٠ى تەموزى ڕابردوو بە هاوەن هێرشکرایە سەر ناحیەى کۆکسى سەر بە ئیدارەی گەرمیان و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانداو بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەند گروپێکی نەناسراو ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە و لە زۆربەی رووداوەکانیشدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی.