سەردێڕ:

ئێران ڕەتیکردەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشکرابێتە سەر هێزەکانی لە سوریا

فۆتۆ: 
2019-08-25

1787 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتیکردەوە، دوێنێ پێگەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە لەناو خاکی سوریادا کرابێتە ئامانج.

ژەنەڕاڵ موحسین ڕەزایی بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای نزیک لە حکومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە، "هەواڵی بڵاوکردنەوەی بۆردومانی پێگەکانی ئێران ناڕاستە، ئیسرائیل و ئەمریکا توانای هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی ئێرانیان نیە و پێگە ڕاوێژکارییە سەربازییەکانی ئێرانیش لە سوریا زیانیان بەر نەکەوتووە".

ئەمەش دوای ئەوەدێت، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی ئیسرائیل هێزێکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە نزیک شاری دیمەشق لە سوریا کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە ئێرانییەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بووە تا ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیلی بکەن.

لای خۆشیەوە بنیامین ناتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەکردووە، هیچ پارێزبەندییەک بۆ ئێران نیە لە هیچ شوێنێک، سوپاکەیان توانیویەتی پلانێکی فەیلەقی قودس بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی پوچەڵبکاتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک پاسداری ئێرانی کوژراون.