سەردێڕ:

دادگای تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحیدی هەڵوەشاندەوە

دواى نزیکەى مانگێک لە فەرمانى دەستگیرکردنى
فۆتۆ: 
2019-08-25

4805 جار خوێندراوەتەوە

دواى نزیکەى مانگێک لە فەرمانى دەستگیردنى شاسوار عەبدلواحید لە لایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانییەوە، ئەمرۆ دادگای تاوانەکانى سلێمانى بە سیفەتی تەمیزی فەرمانی دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێی هەڵوەشاندەوە.

بەپێى نوسراوێکى دادگاى تاوانەکان کە بەروارى ٢٥ى ٨ى لەسەرە، هاتووە، کە پێشتر هەمان سكاڵا هەبووە لە هەمان دادگا و داخراوە.

لە بەشێکى دیکەى نوسراوەکەى دادگاى تاوانەکان هاتووە، لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئایا گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکە و سکاڵاکاران بەشێوەیەکى ئسوڵى کراوە یاخود نا، وە ئەگەر بە ئسوڵى کرابێت وە بەرەزامەندى خۆیان، ئەوە ئەو کات فێڵ لە کوێدایە.

ئەمە جگە لەوەی دادگای تاوانەکان بە سیفەتی تەمیزی رایگەیاندوە کە چۆن پێش لێکۆڵینەوەی ورد فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەردەکرێت لەسەر داوایەکى لەو جۆرە؟ لە کاتێکدا پێشتر هەمان دۆسیە داخراوە لە دادگا.

هاوکات ئۆفیسی یاسایی جوڵانەوەى نەوەی نوێ بە هاوکاری ئۆفیسی میدیایی راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، لە نێوان ٢٠١٩/٣/٣ تاوەکو ٢٠١٩/٧/٢٤ واتە لە نێوان کەمتر لە پێنج مانگ، چوار فەرمانی گرتن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەکە دەرچووە، هۆکارەکەشى دەگەرێننەوە بۆ بەرەوپێشچوونی جوڵانەوەکە و گۆڕینی شێوازی کاری حیزبایەتیی، لە شێوازی تەقلیدیی و باوەوە بۆ شێوازی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و ملنەدانی بۆ دەسەڵات و تەسلیم نەبوون بەویست و حەزی دوو پارتی دەسەڵاتدار.

وەک لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەی شاسوار عەبدولواحید کۆمپانیا بازرگانیەکان و پرۆژە وەبەرهینانەکانی هەبووە (٢٠٠٧ تا ٢٠١٧) بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ کاتێکدا هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنى بۆ دەرنەکراوە لە ژێر هیچ ناونیشان و بیانویەکدا، نە بە تۆمەتی "هەڵخەڵەتاندن" نە "کاری تری نا یاسایی"، هیچ دادگایەکی هەرێمی کوردستان حوکمی ناوبراوی نەداوە و بە پێچەوانەوە، چەند جارێک لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەسەر مەسەلەی پرۆژەیەکی بازرگانیی بە ناوی (چاڤیلاند) بێتاوانیی ئەو دەرچوە و دادگا دۆسیەکانی هەموو داخستوە (چ لە دادگای مەدەنیی و چ لە دادگای سزایی).

ئۆفیسی یاسایی و میدیایی جوڵانەوەکە داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و قونسوڵیەتەکان و نێردە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر فشار بکەنە سەر دەسەڵات، بە مەبەستی رێزگرتنی رای جیاواز و فرەڕەنگیی و فرەحیزبیی سیاسیی لە هەرێم.