سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى راستیی ئەو ڤیدیۆیە ئاشکرا دەکات کە دوو منداڵ و کچێک لەسەر سەتڵێکى خۆڵدا دەرکەوتبوون

فۆتۆ: 
2019-08-25

33631 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى، کارزان تاریق

بەدوداچونێکى ئێن ئاڕ تى ئاشکرایدەکات، گرتەى ڤیدیۆیی دوو منداڵ و کچێک لە سلێمانى کە لەناو سەتڵێکى خۆڵدا بەدواى شتدا دەگەڕێن، پەیوەندى بە خراپى دۆخى ئەو کەسانەوە نەبووە، بەڵکو بەدواى شتێکدا گەڕاون کە کەوتووەتە ناو سەتڵەکەوە.

 درەنگانى شەوى رابردوو گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخێرایی بڵاوبووەوە، کە تێیدا دوو منداڵ کە یەکێکیان جلوبەرگى لەبەردا نییە لەگەڵ کچێک دەردەکەون کە لەناو سەتڵێکى خۆڵدا بەدواى شتدا دەگەڕێن.

 بەپێی بەدواداچونەکە، شوێنى تۆمارکردنى گرتە ڤیدیۆییەکە شەقامى پیرەمێردى شارى سلێمانى یە و ئەو ئافرەتەى لەڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت دایکى ئەو دوو منداڵە نیە و منداڵەکان دایک و باوکیان فەرمانبەرەو کێشەى داراییان نییە. منداڵەکانیش خوشکەزاى کچەکەن، دایک و باوکى کچەکەش کارى خۆیان هەیە.

 یەکێک لە کەسە نزیکەکانى ئەو منداڵانە دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیە پەیوەندى بەدۆخى دارایی ئەو کەسانەوە نییە و هیچ کێشەیەکیشیان لەو بوارەدا نییە و چونى منداڵەکان بەمەبەستى هێنانەوەى دەسکێکى پلەیستەیشن بووە بۆ ئەوەى یاری پێبکەن، نەک ئەوەى بڵاکراوەتەوە کە گوایە بەهۆى هەژارییەوە بەدواى خۆراکدا بگەرێن.

 ئەو کەسە نزیکەى منداڵەکان ئاشکرایکرد، ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن دوو براوە بڵاوکراوەتەوە و بەو هۆیەشەوە سکاڵایان لەسەریان تۆمارکردووە.

 گرتە ڤیدیۆییەکە لەلایەن عومەر ساڵح سەرۆکى رێکخراوێکى خێرخوازییەوە بە مۆبایلەکەى تۆمارکراوە.

 عومەر ساڵح بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ مەبەستێکی خراپی لە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە نەبووە، بەڵکو بە مەبەستی هاوکاریکردن ئەو کارەی کردووە.

 پاش زانینی راستی دۆخی خێزانەکە، عومەر ساڵح لە ئەکاونت و پەیجی فەرمی خۆی ڤیدیۆکەی سڕیوەتەوە و روونکردنەوەشی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها داوای لە سەرجەم ئەو کەسانەش کردووە کە گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردووەتەوە بیسڕنەوە.

وێنەى شوێنى گرتە ڤیدیۆییەکە