سەردێڕ:

کۆبوونەوەى حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەى جیهان لەسەر چەند پرسێک بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2019-08-25

1349 جار خوێندراوەتەوە

لە دوێنێوە گروپی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان لە وڵاتی فەڕەنسا کۆبوونەوەکانى دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین تەوەری جیاواز کە سەرەکیترینیان گرفتە بازرگانییەکان و گەرمبوونی زەوییە.

کۆبوونەوەکە لە دوێنێ شەممەوە لە هاوینە هەواری بیاغیتز دەستیپێکردووە و بڕیارە تا سبەینێ دووشەممە بەردەوام بێت.

میدیاکانی جیهان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە مەترسییەکانی بەردەم سستبوونی ئابووری جیهان، تاوتوێی پرۆگرامی ناوەکی ئێرانیش بکرێت، هاوکات سەرنجیش دەخرێتە سەر ئەو ئاگرەی کە لە دارستانی ئەمازۆن کەوتووەتەوە.

دۆناڵد تەسک سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ یەکێتی و هاوسۆزی وڵاتانی بەشداربوو، لەکاتێکدا ئێستا وڵاتان لەبارەی گرفتی بازرگانی و گەرمبوونی زەوییەوە دابەشبوون.

لەلایەکی دیکەشەوە هەزاران کەس لە شاری هێندای فەڕەنسا خۆپیشاندانیان دژ بە کۆبوونەوەکە کردووە، کە بەشێکیان لە چالاکوانی ژینگە پێکهاتبوون و داوایانکرد جێگرەوەیەک بۆ کۆبوونەوەی جی ٧ بدۆزرێتەوە.