سەردێڕ:

تەڤگەری ئازادى: ئەندامێکمان لە زیندانى ئاسایشى هەولێر لە رەوشێکى مەترسیداردایە

فۆتۆ: 
2019-08-24

2717 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى تەڤگەرى ئازادى کۆمەڵگەى کوردستان ئاشکرایکرد، "پێنج مانگە ئیدریس سەلیم ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر دەستگیر کراوە و رەوشی تەندروستیشی زۆر خراپە."

تارا حسێن لە پەیجى تایبەتى خۆی لە فەیس بووک نووسیویەتى، "دوای ئەوەی نزیکەی پێنج مانگە ئیدریس سەلیم بەبێ ھیچ تاوانێک و بێ بینینی دادوەر و بێ ھەبونی ھۆکارێکی یاسایی لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر دەستگیر کراوە، ماوەی ٢٣ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "بەھۆی ئەوەی تەمەنی لەسەرو شەست ساڵە و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییە، لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستی زۆر خراپە و ڕێگا نادرێت تەنانەت دەرمانەکانی بۆ ببرێتە زیندان، جگە لەوانەش ئەشکەنجەیەکی بێ سنور لەسەریان بەڕێوە دەچێت."

وتەبێژى تەڤەگەرى ئازادیی ئەوەشی ئاشکراکردووە، "کاریگەریەکەی بەجۆرێک بە جەستەی ھەڤاڵ ئیدریسەوە دیارە ئەمڕۆ پاش ئەوەی منداڵە چوار ساڵ و نیوەکەی سەردانی کردووە، باوکی نەناسیوەتەوە و لێی ترساوە و دەستی بە گریان کردووە."

ماوەى پێنج مانگە ئاسایشی هەولێر ئیدریس سەلیم ئەندامی تەڤگەری ئازادی دەستگیرکردووە و تائێستاش ئازاد نەکراوە.