سەردێڕ:

پشدەر.. کچێک لەپێناو دەستگیرانەکەیدا خۆى کردە قوربانى

کەمتر لە مانگێکە  ئەڵقەى هاوسەرێتییان گۆڕیبووەوە
فۆتۆ: 
2019-08-24

72866 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، پشدەر، ئەیوب عەلى

تەرمی کچە دەستگیراندارێک لە ئاوێکدا دەرهێنرایەوە کە لەپێناو دەستگیرانەکەى خۆى کردە قوربانى.

٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر عائیشە و سەروەر، کە ئامۆزای یەکتریش بوون، ئەڵقەى هاوسەرگیرییان گۆڕییەوە، رۆژى هەینى لەگەڵ خزمێکیان بۆ سەیران چوونە سەر زێى بچووک.

بەڵام ئەمە دەبێتە دوا ڕۆژی پێکەوەبوونیان و پێش ئەوەى بڕۆنە ناو کەژاوەى زێڕینەوە بۆ هەتاهەتایە لێکدابڕان.

بەپێى گێڕانەوەى کەسوکارەکەیان، کاتێ سەروەر دەکەوێتە ناو ئاوەکە، عائیشەش خۆی فڕێدەداتە ناو ئاوەکە و هاوار دەکەن فریایان بکەون، دوو گەنجیش بە ناوەکانى محەمەد و ڕێبین لەوکاتەدا لە نزیکییانەوە سەرقاڵی ڕاوە ماسی دەبن و هەوڵى رزگارکردنیان دەدەن، پاش بڕینی ١٠مەتر، ڕێبین لەناو ئاوەکە وندەبێت و دەخنکێت و محەمەدیش بە ئەستەم ڕزگاری دەبێت.

لە قەزای پشدەر بە درێژایی زێی بچووک غەسالەی چەو و لم هەن، لەو شوێنانەى چەو و لم دەرهێنراوە چاڵى قوڵ دروستبوون، هەر ئەو رۆژەى کە عائیشە و رێبین خنکان گەنجێکى دیکەش خنکا.

ئەمساڵ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین چوار هاوڵاتی خنکاون، کە سێیان لەسەر زێی بچووک بوون، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕینیش دەڵێت، ساڵانە بە نوسراوی فەرمی لە ڕێگەی قایمقامیەتەکانەوە غەسالەکانی چەو و لم ئاگاداردەکەنەوە چاڵەکان پڕبکەنەوە، بەڵام خاوەن غەسالەکان پابەندنابن.

حوسێن عەبدوڵا وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین دەڵێت، دوو تیمى ژێر دەریاییان هەیە و خەریکى کردنەوەى مەفرەزەیەکى ژێر دەریایین لە پشدەر، بەڵام کێشەى دارایی گرفتى بۆ دروستکردوون.

جگە لە چاڵى غەسالەکان، بەردانەوەى ئاو لەلایەن ئێرانەوە هۆکارێکی تری خنکانی هاوڵاتییانە، چونکە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک ئاو بەردەدرێتەوە و دەشبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوەکە.