سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک بە بەڵگەوە پیسیى ئاوى خواردنەوەى سلێمانى دەخاتەڕوو

پارێزگارى سلێمانى جەخت لە پاکى ئاوەکە دەکاتەوە
فۆتۆ: 
2019-08-24

5213 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێک چووەتە سەر دەریاچەى دوکان بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنى نمونە لە ئاوى دەریاچەکە، کە سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى خواردنەوەى دانیشتووانى سلێمانییە و گەشتیارانى ناوچەکەش هەمان ئاو بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنن.

ئەنجامى پشکنینى هەردوو نمونەکە لە تاقیگە دەریدەخات، ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان نابێت و دەبێتە هۆى گواستنەوەى نەخۆشی.

کازم فاروق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ دەڵێت، بەشێوازێکى زانستى نمونەیان لە ئاوەڕۆ و ئاوى دوکان وەرگرت و لە تاقیگە پشکنینیان بۆکردووە، دواى دوو رۆژ لە پشکنینەکە، دەرکەوتووە ئاوەکە پیسە و شیاو نییە بۆ خواردنەوە و مەلەکردن.

ئاوى دەریاچەى دوکان پێش ئەوەى بگەیەنرێتە ناوچەکانى دیکە بۆ بەکارهێنانى وەک ئاوى خواردنەوەى هاوڵاتییان، کلۆرى تێدەکرێت بۆئەوەى پاکبکرێتەوە، بەڵام بە وتەى پزیشکێکى پسپۆڕ، هەندێک لە ڤایرۆسەکانى ناو ئاوەکە بە کلۆریش لەناوناچن و مەترسییان بۆ سەر تەندروستیى مرۆڤ دەمێنێت.

سەفین مەحمود پزیشکى پسپۆڕ دەڵێت، کارێکى هەڵەیە ئاوى پاشەڕۆى ناوچەیەک بچێتەوە ناو سەرچاوە سەرەکییەکە و چەندین ڤایرۆس و بەکتریا هەیە تواناى بەرگریى هەیە، لەکاتێکدا ئاوەکە کلۆریشی تێدابێت.

بەپێی بەدواداچونێکى ئێن ئاڕ تى کە پێشتر بڵاویکردەوە، ئاوەڕۆی چوار زێرابی سندوقیی دەڕژێتە ناو پرۆژەى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەى سلێمانى و دەوروبەریەوە لە دەریاچەى دوکان، ئەوەش وایکردووە ئاوى پرۆژەکە خاوێن نەبێت و بۆ خواردنەوە نەشێت.

ئێن ئاڕ تى لەبارەى تێکەڵاوبوونى ئاوى زێراب و ئاوى دوکان و دواتریش دابەشکردنى بەسەر ماڵاندا پەیوەندیى بە قایمقامى دوکانەوە کرد، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە قسەى نەکرد، بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى قەزاکەش رایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەندیى بە شارەوانییەوە هەیە و شارەوانییش وەڵامى ئێن ئاڕ تیى نەدایەوە.

بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى کە بەرپرسى یەکەمى دابینکردنى ئاوى خواردنەوەیە بۆ هاوڵاتییان، بە پاساوى ئەوەى تەنیا بەرپرسیارن لە دابەشکردنى ئاوى پاک، ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن، بەڵام پێشتر سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تى هەرچەندە پشـتڕاستى کردبوەوە کە ئاوەڕۆ دەڕژێتە ناو ئاوى خواردنەوەوە، جەختیکردبوەوە ئاوەکە چوار جار لە ڕێژەی ستاندارد خاوێنترە و هیچ لێڵییەکی تێدانییە.

لەبارەى ئەو ئاوەى دابەشدەکرێت بەسەر ماڵاندا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانی باس لەوە دەکات ئاوەکە پاکە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى و فەرمانگەى ژینگەوە پشکنینى بۆ دەکرێت.

لە زۆربەى وڵاتانى جیهان پڕۆژەى ئاوەڕۆ بە شێوەیەکى تایبەت و بە سیستمى پێشکەوتوو مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، بە جۆرێک ئاو و پیسییەکە جیادەکرێتەوە و جارێکى تر ئاوەکە پاکدەکرێتەوە و بەکاردەهێنرێتەوە، بەڵام بۆ خواردنەوە نابێت، لە هەرێمى کوردستان سەرەڕاى چەند جارێک بڵاوبوونەوەى نەخۆشى، کە بەشێکى زۆرى هۆکارەکەى بۆ ئاوى پیس دەگەڕێنرێتەوە، سیستمێکى گونجاو بۆ پاککردنەوەى ئاوى خواردنەوە دانەنراوە و ئەو پارەیەى لە کابینەى پێشووش بۆ دوورخستنەوەى ئاوەڕۆى ماڵان لە دەریاچەى دوکان دابینکرا، دیارنییە چی لێهاتووە و پرۆژەکەش جێبەجێنەکراوە.