سەردێڕ:

فەرماندەی سوپای پاسداران: موشەکێکی نوێمان تاقیکردووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-08-24

1821 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی شەممە فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، موشەکێکی نوێیان تاقیکردووەتەوە.

حسێن سەلامی تەنها فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران باسی لەوە کردووە، رۆژی هەینی تاقیکردنەوەکەیان کردووە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی جۆر و تایبەتمەندیی موشەکە نوێیەکەیان بخاتەڕوو.

لە لایەکی ترەوە قاسم تەقی زادە جێگری وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، هەندێک موشەکی پێشکەوتوویان هەیە، کە توانای پێکانی ئامانجیان یەکجار وردە.

وتیشی، تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەو موشەکانەوە ئاشکرانەکردووە و لەکاتی پێویست و لە جەنگدا دوژمنانمانی پێ دەتاسێنین.

جێگری وەزیری بەرگریی ئێران هێمای بۆ ئەوەش کردووە، مەودای موشەکەکانیان بەپێی دووریی هەڕەشەکان دیاریدەکەن و، لە ئێستادا مەوداکە دوو هەزار و٨٠٠ کیلۆمەترە.

ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناودەبەن و، داوادەکەن هاوشێوەی بەرنامەی ئەتۆمی بخرێتە ژێر چاودێریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام تاران بەرنامە موشەکییەکەی بە هێڵی سوور ناودەبات و رەتیدەکاتەوە دانوستانی لەسەر بکات.