سەردێڕ:

سەرۆکی بەڕازیل سوپای بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئەمازۆن راسپارد

فۆتۆ: 
2019-08-24

5609 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی بەڕازیل سوپای وڵاتەکەی راسپارد ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵ بکەن کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە دارستانەکانی ئەمازۆنی گرتووەتەوە.

بەپێی فەرمانەکەی جائیر بولسنارۆ سەرۆکی بەڕازیل سەربازانی سوپا رەوانەی ناوچە پارێزراوە سروشتیەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی رەسەنی ئەمازۆن و ناوچە سنوریەکان کراون.

فەرمانی سەرۆکی بەرازیل دوابەدوای ئەو فشار و هەڕەشانەبوو، کە لە لایەن سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرەوڕووی کرانەوە.

هەریەک لە فەڕەنسا و ئیرلەندا هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە لە ئەگەری بێهەڵوێستی و بێدەربەستی سەرۆکی بەرازیل بەرامبەر ئاگرەکەی ئەمازۆن، سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن. فینلاندیش داوای کردووە یەکێتی ئەوروپا هاوردەکردنی گۆشت لە بەڕازیل رابگرێت.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەکردوە، هاوتا بەڕازیلیەکەی درۆی لەگەڵ کردووە لە بارەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی رێگریکردن لە گەرمبوونی زەوی.

دارستانەکانی ئەمازۆن کە روبەرێکی فراوانیان کەوتونەتە سنورەکانی بەرازیل لەسەدا ٢٠ ی ئۆکسیجێنی زەوی بەرهەم دەهێنن و بە وتەی رەخنەگرانی سەرۆکی بەرازیل، سیاسەتەکانی ئەو لەبارەی هاندانی جوتیاران بۆ بڕینەوەی دارەکان هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرەیە.