سەردێڕ:

ئەمریکا.. یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2019-08-24

1732 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە گیانی لەدەستدا دوای توشبوونی بە نەخۆشییەکی سەختی سییەکان.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " سکای نیوز"، یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکرا.

جێنیفەر لایدن، بەرپرسی پزیشکی ویلایەتی ئیلینۆی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتی گیانلەدەستدانی کەسێکیان پێگەیشتووە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی توشبوونی بە حاڵەتێکی هەناسەدانی توند لەکاتی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا، بەپێی وتەی لێپرسراوانی نەخۆشخانەکە هەوڵی زۆریانداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەم حاڵەتە و چەندین حاڵەتی دیکەی کتوپڕ.

ئەو بەرپرسە پزیشکییە رەتیکردووەتەوە باس لە ڕەگەزی کەسەکە بکات، بەڵام ڕایگەیاندووە تەمەنی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە لەنێووان ١٧ – ٣٨ ساڵدابوون، تا کۆتایی مانگی حوزەیران ١٩٣ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکانی سییەکان تۆمارکراون، کە هۆکارەکەی جگەرەی ئەلیکرۆنیی بووە  لە ٢٢ ویلایەتی ئەمریکادا.

جێنیفەر ئەوەشی ڕوونکردەوە کە، "هێشتا هۆکارەکان ناڕوونن، بەڵام سەرجەمیان جگەرەی ئەلیکتۆنییان کێشاوە و زۆربوونی ئەو ژمارەیە نیشانەی نیگەرانییە و پێویستە هۆشداری بدەین لەبەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی چونکە مەترسیدارە لەسەر تەندروستی''.