سەردێڕ:

تیمی ئەندازیاریی نەوەی نوێ: بە هەفتەیەک کارەکانی دەروازەی شاری سۆران تەواو دەکەین

فۆتۆ: 
2019-08-24

7550 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سۆران، عەبدۆ

دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی دەروازەی سۆران تەواو دەکەن، کە ماوەی چوار مانگە حکومەت سەرقاڵی پڕۆژەکەیە، ئەمرۆ تیمێکی ئەندازیاری جوڵانەوەکە سەردانی سۆرانی کرد.

لەوبارەوە عومەر مامەکوردە بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ، دوای رووپێوی و خەمڵادنی پێداویستیەکان لە دوو رۆژی داهاتوودا دەست جێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی سۆران دەکەن.

باسی لەوەشکرد، "لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شارەکە تەواو دەکەین".

دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، " ماوەی چوار مانگە حکومەتی هەریم و ئیدارەی شاری سۆران، دەروازەی شارەکەیان تێک داوە و بۆیان چاک ناکرێت، بۆیە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەوە چاک دەکات کە ئەوان بە ٤ مانگ تەواویان نەکردوە و ئێمە لە یەک هەفتەدا لە سەدا سەد تەواوی دەکەین."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکردووە، " هێندەی بتوانین خزمەتی خەلکی خۆمان و تەواوی شارەکانی کوردستان دەکەین بەم ئیمکانیەتە کەمەی کە هەمانە، وە هەوڵ دەدەین وەک هێزێکی نوێی سیاسی ئاراستەی سیاسەتکردن و حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕین لە شێوازی تەقلیدی و کۆنەپەرستیەوە بۆ شێوازی مۆدێرن و خزمەتکردن."

رۆژی ٢٢ی ئابیش بەشێک لە شەقامەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێوە نوژەنکرایەوە کە رێگای سەرەکی هاتوچۆی هەڵەبجە-چاوگ بوو، بەشێک لە هاوڵاتیانیش لە تۆڕەکۆمەڵایتییەکاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، "هەموو ململانێیەک لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا لەسەر بنەمانی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان جێگای دەستخۆشییە".

هـ.ع