سەردێڕ:

هاوپەیمانان ٦٠ بارهه‌ڵگر هاوكاریی لۆجستییان ره‌وانه‌ی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە کرد

لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا دوو هەزار و ٣٠٠ بارهەڵگر چەک گەشتووەتە دەست هەسەدە
فۆتۆ:  ئەرشیف
2019-08-24

2950 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ٦٠ بارهه‌ڵگر هاوكاریی لۆجستییان ره‌وانه‌ی بنكه‌سه‌ربازییه‌كانی ‌هێزەکانی سوریای دیمۆکرات (هەسەدە)كرد.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە،هاوکارییەکان له ‌ده‌روازه‌ی سنووریی سمێلكاوه ‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان عێراق و سووریا، چووه‌ته ‌ناوچه‌كه‌.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەناو هاوکارییەکاندا خانووی كۆنتێینه‌ر، بلۆكی كۆنكرێتی و ئۆتۆمبێلی درێژ له‌كاروانه‌كه‌دا بوون.

سه‌رچاوه‌كانى ئەنادۆڵ باس له‌وەش‌ ده‌كه‌ن، بارهه‌ڵگره‌كان بۆ بنكه‌سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شەرڤانانی هەسەدە ره‌وانه‌كراون.

له‌ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌تا ئێستا به‌مەبەستى ڕوبەڕوبونەوەى داعش، ئه‌مریكا و هاوپەیمانان هاوكاریی سه‌ربازیی هێزەکانى هەسەدە دەکەن و لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی دواپێگەی داعش لە سوریاش رەوانە کردنی ئەو هاوکاریانە بەردەوامبوون.

بەپێی ئاماری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا دوو هەزار و ٣٠٠ بارهەڵگر چەک و پێداویستی سەربازی و لۆجستی گەیەنراوەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شەڕڤانان.