سەردێڕ:

تورکیا و روسیا سەبارەت بە دۆخی سوریا کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2019-08-23

3065 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی فەرمی حکومەتی تورکیا رایگەیاند، رۆژی ٢٧ی ئاب سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا و بەتایبەتی دۆخی پارێزگای ئیدلب سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ سەرۆک کۆماری روسیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ هەینی (٢٣ی ئابی ٢٠١٩) رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی نیگەرانی ئەنقەرەی لەبارەی هێرشەکانی ئەم دوایەی سوپای سوریای بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی سوپای تورکیای لە ئیدلب نیشانداوە و بە "هەڕەشەیەکی راستەقیەن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا"ی ناوبردووە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە ئەردۆغان بە پوتنی راگەیاندووە، هێرشی سوپای سوریا بۆ سەر ئیدلب زیان بە هەوڵەکانی چارەسەری کێشەی سوریا دەگەیەنێت.

هەفتەی رابردوو سوپای سوریا بە پشتیوانی فرۆکە جەنگییەکانی روسیا شارۆچکەی خان شیخۆنی لە پارێزگای ئیدلب کۆنتڕۆڵکردەوە، کە لە دوای خۆپیشاندنی خەڵکی سوریا دژی رژێمی بەشار ئەساد لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی نەیاری حکومەتی سوریادابوو.

لە ئێستادا بەگوێرەی رێککەوتنێک لەگەڵ روسیا بۆ دروستکردنی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب ١٢ خاڵی چاودێری هێزەکانی تورکیا لە شارو شارۆچکەکانی ئیدلب جێگیرکراون.

ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکردووە،  هیچ هێزێک ناتوانێت بنکەی چاودێری هێزەکانی ئەوان لە سوریا گەمارۆ بدات، ئەو بابەتەش لەگەڵ روسیا و ئێران تاوتوێ دەکەن.