سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. جیاوازى شێوازى وەرگرتنى منداڵ لە باخچەى ساوایان لە هەرێم و سوید

فۆتۆ: 
2019-08-23

5320 جار خوێندراوەتەوە

دوو دیمەنى جیاواز لە دوو شوێنى جیاواز، ئەم دیمەنانە شێوازى وەرگرتنى منداڵانى وڵاتى سویدە لە باخچەى ساوایان، کە لە ڕێگەى سیستمى ئەلکترۆنییەوەیە، بەڵام ئەم دیمەنەیان شێوازى وەرگرتنى منداڵانە لە یەکێک لە باخچەکانى شارى سلێمانى کە وەرگرتنى فۆڕمى منداڵان لە ڕیگەى پەنجەرەیەکەوەیە.

لە وڵاتی سوید، منداڵ هەر لە تەمەنی یەک ساڵییەوە شوێنی لە باخچەی ساوایان بۆ دیاریدەکرێت، ئەوەش بە سیستمێک دیاریکراوە کە پێی دەوترێت (سیستمی گەرەنتیدانی شوێن)، بەپێى سیستمەکە دایک و باوک لە تەمەنی یەک ساڵی بەدواوە دەتوانن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمێکەوە داوابکەن کە منداڵەکانیان لە باخچەی ساوایان وەربگیرێت، حکومەتیش لە ماوەی سێ مانگدا شوێنێک بۆ ئەو منداڵە دیاریدەکات.

بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا شتێک نییە بە ناوی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، بەڵکو دەبێت دایک و باوک لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەردانی باخچەى ساوایانى حکومى بکەن بە مەبەستی ناونوسین، کە لە ناوەڕاستى مانگى ئابدایە.

ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبوونى قەرەباڵغییەکى زۆر لەسەر ئەو باخچانە و بەپێى وتەى دەرونناسێکیش ئەو کەشە، هەر لە سەرەتاوە کاریگەریى خراپ لەسەر دەروونى منداڵەکە دروستدەکات.

لە وڵاتی سوید سێ جۆر لە باخچەی ساوایان هەیە، جۆرێکیان بەرنامەی خوێندنیان بۆ دیاریکراوە و مانگانە داوا لە دایکان و باوکان دەکرێت بەشداربن لە بەڕێوەبردنی بەشێک لە چالاکییەکانی باخچەکاندا.

جۆرێکی دیکەشیان پێی دەوترێت باخچەی ساوایانی کراوە، کە دایکان و باوکان دەتوانن ڕۆژانە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بچنە باخچەی ساوایان و زیاتر شارەزای دۆخی باخچەکە بن کە ئەم جۆرەیان بێ بەرامبەرە.

جۆرى سێیەمیان، دایەنەکان دێنە ماڵی منداڵەکانەوە و منداڵان لە ماڵەکانی خۆیاندا چاودێری دەکرێن.

بەڵام لە هەرێم دوو جۆر باخچەى ساوایان هەیە حکومیی و ئەهلیی، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە لە ٢٠١٨دا، ٥٠٧ باخچەى منداڵانى حکومى هەیە، کە ٧٢ هەزار و ٦٨٣ خوێندکارى هەبووە، باخچەکان بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکاندا، لە پارێزگاى هەولێر ٢٢٤ باخچە لە پارێزگاى سلێمانى١٧٢ باخچە و پارێزگاى دهۆک ٧٦باخچە و پارێزگاى هەڵەبجەش تەنها ١٣ باخچەی تێدایە و ژمارەى باخچەى ساوایان لە سنورى ئیدارەى گەرمیانیشدا ٢٢ باخچەیە، شەش هەزار و ٣٤١ مامۆستاى باخچەى ساوایانیش هەیە.

بەپێى بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى باخچەکانى منداڵان بەراورد بە ژمارەى منداڵانى تەمەن پێنج ساڵ لە هەرێمى کوردستاندا زۆر کەمە و هەر باخچەیەک تواناى وەرگرتنى تەنها ١٠٠ بۆ ٢٠٠ منداڵى هەیە، بەڵام باخچەکان زیاتر لە هەزار فۆڕم دابەشدەکەن بۆ وەرگرتنى نزیکەى ٢٠٠ منداڵ لەڕێگەى تیروپشکەوە.

بەپێى بەدواداچوونەکان، ئەو منداڵانەى کە لە تیروپشکەکاندا ناویان دەرناچێت، یان دەبێت دەستبەردارى خوێندنى باخچەکان بن، یان دەبێت بخرێنە باخچە ئەهلییەکان بە بڕە پارەیەکى زۆر.

باخچەى ساوایانى ئەهلى، ژمارەیان ١٥٢ باخچەیە و سەر بە کەرتى تایبەتن و نرخى ساڵانەى خوێندنى منداڵان تێیاندا بەپێى کوالیتى و سیستمى فێرکارى ناوخۆیی و بیانیی دەگۆڕێت، بەجۆرێک کرێى خوێندنى مانگانەیان لەنێوان هەشتا هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار دینارە، جگە لە کرێى هاتووچۆ و پێداویستى خوێندن، کە دەکەوێتە ئەستۆى دایکان و باوکان.