سەردێڕ:

بانکی نێودەوڵەتی: هیچ کەسێک لە ئیماراتدا نییە لەژێر هێڵی هەژاریدا بێت

فۆتۆ: 
2019-08-23

3717 جار خوێندراوەتەوە

ساڵانێکە ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی هەژاریی چڕکردووەتەوە، کە یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشەی بەردەوام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەویش لە ڕێگەی ئەو کارە مرۆییانەی ڕێکخراوەکانى فریاگوزاریی پێشکەشیان کردوون، وەک مانگی سوری ئیماراتی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتیی، هیچ کەسێک نییە لە ئیمارات لەژێر هێڵی هەژاریدا بژی کە بە داهاتی دۆلارێک و ٢٥ سەنت لەلایەن بانکەکەوە کراوەتە پێوەری هێڵی هەژاری.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیمارات ٩٣%ی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی بەدیهێناوە کە تایبەتە بە ئاستی بەرزی تواناکانی حکومەت، هەربۆیە لە بنبڕکردنی هەژاریی ڕێژەی ١٠٠% ی بەدەستهێناوە.

هەرچی کەرتە تایبەتەکانیشە لەو وڵاتە کە هەزاران فەرمانبەریان هەیە و لەگەڵ حکومەتدا هەماهانگی دەکەن، ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی تایبەت بە گەشەکردنی بەردەوام و پێشکەشکردنی خزمەتەکانی بە ملیۆنان کەس، ئەوەش وایکردووە گەیشتن بە داهاتە سروشتییەکان کارێکی ئاسان بێت.

لە ڕاپۆرتێکی تریشدا کە دامەزراوەی (ئۆلیڤەر وایمان) ئامادەی کردووە، ئیمارات پێگەیەکی سەرکەوتووی هەیە سەبارەت بە دابەشکردنی داهات بەسەر سەرجەم چینەکاندا، بەشێوەیەک کە پێش بەریتانیا و ئەمریکا کەوتووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئیمارات لەسەر ئاستی  یەکسانی کۆمەڵایەتی هەنگاوی گەورەی ناوە، کە ئەوەش ئامانجێکی تری گەشەپێدانی بەردەوامە.

جگە لەوەش ئیمارات لەهەوڵی ئەوەدایە ناوی بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی زۆرترین ئاسایش تیایاندا سەقامگیرە و جێگەی ژیانێکی ئارامن بۆ مرۆڤەکان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکان کاردەکات تا ئەو ئامانجە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بەدەستبهێنرێت.

ئیمارات لە یەکگرتنی حەوت میرنشین پێکهاتووە و لە ساڵی ١٩٧١ دا سەربەخۆیی بەدەستهێناوە و  ژمارەیە دانیشتوانەکەی نزیکەی نۆ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسەو خاوەنی حەوتەیەمین یەدەگی نەوتی جیهانە و یەکێکە لە گەشەسەندوترین ئابوورییەکانی ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و جگە لە کەرتی نەوت، داهاتی ئیمارات پشتی بە کەرتەکانی خانوبەرە و پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گواستنەوە بەستووە.

ئیمارات زۆرترین دەوڵەمەندەکانی جیهانی لەخۆگرتووە کە ژمارەیەیان ٧٥ هەزار ملیۆنێرەو ڕێژەی ٨.٨% ی کۆی ملیۆنێرەکانی جیهان پێکدەهێنن.