سەردێڕ:

وێنە.. بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر نۆ دوکان لە کەرکوک سوتان

فۆتۆ: 
2019-08-23

2073 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد

وتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی کەرکوک رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە چەند دوکانێکی شەقامی کۆماری لە شاری کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نۆ دوکان سوتان، تا ئێستاش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

قەيس عەبدولڕەزاق وتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی کەرکوک باسی لەوەش کردووە، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە ٤٥ دوکانی تێدابووە، ئەوان توانیویانە ٣٥ دوکان لە سوتان رزگاربکەن و نۆ دوکانیش بەهۆی ئاگرەکەوە سوتاون.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانیان لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بڕێک پارە و چەند تۆمارێکی دوکاندارەکانیان دۆزیوەتەوە و دواتر رادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی چەند جارێک سەبارەت بە کۆنیی هێڵەکانی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی بەشێک لە دوکانەکان لەناو بازاڕی شارەکاندا هۆشدارییان داوە و، ئەوەشیان بە هۆکاری بەشێکی زۆری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ناوبردووە.