سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى دیوى ناوەوەى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى لە ئەنجومەنى وەزیراندا ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-08-21

17516 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە پێنج هەفتە بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێپەڕیوە، هێشتا دوودڵی و گومان لە نێوان هێزە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت پارتی، یەكێتی و گۆڕان هەیە و، تاوەكو ئێستا بە سەدان پۆستی بریكاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار پڕنەكراونەتەوە.

جگە لە كێشەی ناوخۆیی، هەردوو ئاراستەی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا، كێشەی باڵەكانی یەكێتی و كێشەی گەنجانی نێو گۆڕان و سەركردە كۆنەكانی یەكێتی لەناو بزوتنەوەکە، هۆکارن بۆئەوەى ئەو پۆستانە پڕنەكراونەتەوە.

هاوكات مامەڵەی سەرۆك وەزیران لەگەڵ جێگرەكەی و وەزیرەکانی دیكە، بە گەورەترین كێشە و ئالەنگاری لەبەردەم كابینەی نۆیەم دادەنرێت.

بەراورد بە كابینەكانی پێشوو، مەسرور بارزانی بە پێچەوانەی زمانی نێچیرڤان بارزانییەوە كەمترین دەرفەتی بە قوباد تاڵەبانی جێگری داوە قسە بكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، پێشتر نێچیرڤان بارزانی دوای كردنەوەی كۆبوونەوەكە و خوێندنەوەی كارنامەی دانیشتنەكە، راستەوخۆ دەرفەتی قسەكردنی بە جێگرەكەی دەدا، لە زۆربەی بەیاننامە و راگەیاندراوەكانی حكومەت ئاماژە بەوە دەكرا، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچووە، بەڵام لە چوار راگەیاندراوەكانی رابردووی حكومەت ئەو دەستەواژانە نەبینراون.

جگە لەوە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە و داواكردن لە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی پارە نەدراوە بە قوباد تاڵەبانی، پارتی لە رێگای وەزیرەكەی گۆڕانەوە لە وەزارەتی دارایی بە بیانووی جۆراوجۆر داواكارییەكانی جێگری سەرۆك وەزیران رەتدەكاتەوە، ئەمەش نیگەرانیی تووندی یەكێتی لێكەوتەوە و پێیانوایە ئەمە دژی رێكکەوتنی پارتی و یەكێتییە و، شەراكەتی راستەقینەیە لە دەسەڵات كە بەردەوام یەكێتی داوای دەكرد.

جگە لەمە، یەكێتی لە جێبەجێنەكردنی رێكکەوتنی نێوانیان لە پارتی نیگەرانە، فەرمانی دەستبەكاربوونی رەوەندی مەلا مەحموود بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەرنەچووە، بە هەمان شێوە فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ خالید شوانی وەزیری هەرێم  بۆ كاروباری هەرێم و بەغدا دەرنەچووە، بەڵام مەسرور بارزانی بەبێ گەڕانەوە بۆ یەكێتی، فارس عیسا كادیری پارتی وەكو نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا داناوە، كە هەمان رۆڵی وەزیرەكەی یەكێتیی هەیە.

جگە لە ناكۆكیی و ساردیی مەسرور بارزانی لەگەڵ یەكێتی، لە دوای دەستبەكاربوونی ناوبراو، لە هیچ پێشوازی و دیدارێكی باڵا قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەكانی یەكێتی ئامادەنەبوون، بۆ نموونە لە رۆژی ١٧ی مانگی رابردوودا، مەسرور بارزانی بە جیا پێشوازیی لە دوو شاندی باڵی سیاسیی و سەربازیی بەریتانیاو ئەمریكا كرد، بەڵام نە جێگری سەرۆك وەزیران نە وەزیری پێشمەرگە ئامادەی نەبووون، تەنیا لە سەردانیكردنی بەغداو هاتنی شاندی حكومەتی فیدراڵیی بۆ هەولێر، كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت، قوباد تاڵەبانی بەشداربوو.

ئێن ئار  تی زانیویەتی جگە لە بڵاوكردنەوەی روونكردنەوە لە لایەن وتەبێژی حكومەتەوە، كە مەسرور بارزانی بە تووڕەیەوە لە سەر پرسی گەڕاندنەوەی مووچەی سیانزدە هەزار كەمئەندامی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیی رەخنەی لە وەزیرەكەی گۆڕان گرتووە كە ئەمە چاكسازیی حكومەتە و دەستكەوتی هیچ حیزبێك نییە، بۆیە لە كۆبوونەوەكە وتویەتی كە نایەوێ جارێكی دیكە گوێی لەو قسانە بێ كە چاكسازیی بە فشارو قسەی ئەو حیزب و ئەم لایەن كراوە، كەچی لە پرسی دابینكردنی بودجە بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی پاریزگای سلێمانی، سەرۆكی فراکسیۆنی پاڕتی لە ئەنجومەنی پاریزگاکە، موژدە و زانیاریی لە بارەی دابینكردنی ١٠ ملیۆن دۆلار لە لایەن مەسرور بارزانییەوە بڵاوكردەوە.

لە پرسی زیادكردنی دەوامی فەرمانبەرانی هەرێم وەزیرەكان لەگەڵ مەسرور بارزانی ناكۆك بوون و پێیان وابووە، بەو سیستمەی ئێستای موچە، بەو دواكەوتنەوە ناتوانرێت دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی حکومەت گوێی بە داخوازیی وەزیرەكان نەداوە و بڕیارەکەی دەرکردووە.

سەرباری هەموو ئەمانەش بەشێکی نوسەران و چاودێرانی سیاسی دۆخی هەرێم پێیان وایە ئەم هەنگاوانەی مەسرور بارزانی بەهێزکردنی حکومەتی هەرێمی بە دواوە دێت و کۆتایی بەو دوو ئیدارەییە دەهێنێت کە ساڵانێکی زۆرە لە هەرێم هەیە و نێچیرڤان بارزانی نەیتوانیووە لە ماوەی چەندین ساڵی سەرۆک وەزیرانیدا چارەسەری بکات.