سەردێڕ:

هەرێم.. ئاستی بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەی ئەتروش گەیشتە ملیۆنێک بەرمیل لە مانگێکدا

فۆتۆ: 
2019-08-21

2510 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیاى نیشتیمانى ئەبوزەبى بۆ وزە ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە عێراق ئاستی پێوانەییان تۆمارکرد لە بەرهەمهێنانى نەوتدا لە کێلگەى ئەتروشی هەرێمی کوردستان و بەرهەمى مانگانەیان گەیاندە یەک ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا.

کۆمپانیاکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەسەرەتای دەرکردن و بەرهەمهێنانى نەوتەوە لەساڵى ٢٠١٧ەوە هەتا ئێستا ئەوە یەکەمجارە لەو کێڵگەیە بەرهەمى نەوت بگات ئەو ئاستە.

ئەم ئامارەى کۆمپانیاى نیشتیمانى ئەبوزەبى لەکاتێکدایە کە تائێستا داتایەکى دروست لەبەردەستدانیە، کە بزانرێت رۆژانە هەرێم چەند هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

سەرەتای مانگی تەمووز ئێن ئاڕ تی لە راپۆرتێکی شیکاریدا باسی لەوەکرد، هەرێم لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە تێکڕایی بەرمیلێک نەوتی بە ٥٦ دۆلار فرۆشتووە و کۆی گشتیی ئەو داهاتەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوتدا بە بۆرى دەستیکەوتووە گەشتووەتە ٤ ملیار دۆلار. ئەمە جگە لەو نەوتەى بە تانکەر هەناردە دەکرێت، کە بەپێى زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی داهاتەکەى مانگانە زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلارە.

زیادبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە کاتێکدایە سەرەڕایی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتەکانی، کاریگەری نەکردووەتە سەر ژیانی هاوڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش بە سستی دەستی پێکردووەتەوە، تائێستاش هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران چاوەڕێی بەغدایە.

‌بەپەلە