سەردێڕ:

جوتیارێك گۆڕانکاریی لە تراکتۆری عەنتەردا کرد و ناوێكی کوردیی لێنا

فۆتۆ: 
2019-08-07

18057 جار خوێندراوەتەوە

عوسمان ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵه ‌و جوتیاره‌ له‌یه‌كێك له‌گونده‌كانی شاره‌زوور، توانیویه‌تی گۆرانكاریی له‌شێواز و چه‌ند پارچه‌یه‌كی تراكتۆری جۆری عه‌نته‌ردا بكات بۆیه‌كه‌مجاریش كاره‌كه‌ی له‌ شاره‌زوور بۆ ژماره‌یه‌ك جوتیار و وه‌ستاو شۆفێرانی تراكتۆر نمایشكرد.

ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیيانه‌ی له‌م تراكتۆره‌دا هه‌یه‌ بریتیه‌ له‌ گۆڕینی له‌تاك ئه‌كسله‌وه‌ بۆ ده‌بڵ ئه‌كسڵ، زیادكردنی خێرایی بۆ دووهێنده‌ی تراكتۆری ئاسایی، به‌پاوه‌ركردنی سوكان بۆ ئاسان لێخورین و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجكردنی سوته‌مه‌نی بۆ ٢٥%  كه‌متر له‌ تراكتۆره‌كانی دیكه‌.

له‌ دوای گۆرانكارییه‌كان عوسمان تراكتۆره‌كه‌ی ناوناوه‌ هۆزو وه‌كخۆی ده‌ڵێت پێویستبوو ناوه‌كه‌شی بگۆردرێ بۆیه‌ ناوێكی نوێ و جیاوازی كوردیی بۆ ده‌ستنیشانكردوه‌.

ئه‌و  زۆر دڵخۆشه‌ به‌دروستكردنی‌ تراكتۆره‌ و دۆست هاورێكانی و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ش پۆل پۆل ده‌ستخۆشیان لێده‌كرد، به‌شێك له‌جوتیارانیش داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت پشتیوانی ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه ‌بكات بۆ ئه‌وه‌ی سودی لێوه‌ربگرن بۆ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان.

عوسمان ته‌نیا قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندوه‌ و هیچ خولێكی میكانیكی نه‌بینیوه‌، به‌ڵام نزیكه‌ی ١٥ ساڵ شۆفێری تراكتۆربووه ‌و له‌وكاته‌وه‌ بیرۆكه‌ی‌ دروستكردنی‌ ئه‌م تراكتۆره‌ نوێیه‌ی له‌مێشكی خۆیدا نه‌خشه‌ی‌ بۆ كێشاوه‌.

بۆ گۆرانكاریكردن له‌م تراكتۆره‌ نوێیه‌دا عوسمان نزیكه‌ی ١١ مانگ كاری كردووه‌ و نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار دۆلاریشی خه‌رج كردووه‌ و جگه ‌له‌ تراكتۆری كۆنیش سودی وه‌رگرتوه‌ له‌به‌كارهێنانی چه‌ند پارچه‌یه‌كی ئۆتۆمبێل.

ئامێری تراكتۆر لە عێراق و كوردستان بەشێوەیەكی فراوان به‌كارده‌هێنرێت و زیاتر تراكتۆره‌كانیش له‌جۆری (زیتۆر- عەنتەر)ن و بەشێكی زۆریان بەهۆی كۆنبوویان توانای كاركردنیان نەماوە.