سەردێڕ:

کۆمپانیای دانەغاز: داهاتمان لە هەرێم لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٤% زیادی کردووە

فۆتۆ: 
2019-07-29

2025 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ئاشکرایکرد، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتیان لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەکەمی ساڵی پار بە رێژەی لەسەدا ٧٤ زیادی کردووە.

دانەغاز لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ داهاتیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ٨٠ ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ بڕەکە ٤٦ ملیۆن دۆلار بوو.

ئاماژە بەوەشدراوە، هەردوو کێڵگەی گازی کورمۆر و چەمچەماڵ بوونەتە گەورەترین کێڵگەی گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق و بەوەش پێگەی جیهانییان بەرزبووەتەوە.

دانەغاز بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێکی سەربەخۆی کۆمپانیای گاڤنی کڵاین ئاند ئەسۆشیەیتس، ئەوەی بڵاویکردووەتەوە، یەدەگی دڵنیاکراو و پێشبینیکراوی کۆمپانیاکە لە کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ملیارێک بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە .

سەبارەت بە گازیش، دانەغاز ئاماژەى بەوەکردووە، یەدەگى غاز لە هەردوو کێڵگەی کورمۆر و چەمچەماڵ چوار پۆینت چوار ترلیۆن پێ سێجاى تێپەڕاندووە.

ئاماژەش بەوەکراوە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٣ داهاتی گازی دانەغاز لەو دوو کێڵگەیە ساڵانە بگاتە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیۆن دۆلار.