سەردێڕ:

هەولێر.. وەزارەتى کارەبا پێوەری زیرەک دادەنێت

فۆتۆ: 
2019-07-18

6411 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ڕێگريكردن لە سەرپێچیەكان و ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی، وەزارەتی کارەبا دەستیکردووە بە دانانی پێوەری زیرەک لە شاری هەولێر.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم ڕایگەیاندووە، پڕۆژەکە لە سەرەتادا لە شوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکان و دواتریش بۆ ماڵان دادەنرێت و ماوەی ١٨ مانگیش دیارکراوە، بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە و لەو ماوەیەدا دەبێت سەرجەم هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی، پێوەری زیرەکیان بۆ دابنرێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە بەرامبەر دانانی پێوەرەکاندا پارە لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت و حکومەت خۆی تێچووەکەی دابیندەکات و لە دوای دانانی پێوەرەکەش گۆڕانکاری لە نرخی کارەبای نیشتمانیدا ناکرێت، تائێستاش لە هەولێر سێ هەزار هاوبەش پێوەرەکەیان بۆ دانراوە، کە بریتین لە دووکان و شوێنە جیاوازەکانی کارکردن لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور.

پێوەرەی زیرەکی کارەبا لە سندوقێکدا دادەنرێت، کە شەش هاوبەش پێکەوەن و دەستکاریکردنی دەبێتە هۆی پچڕانی کارەبای سەرجەم ئەو هاوبەشانەی لەسەر سندوقەکەن، هاوڵاتیانیش هەنگاوەکە بە گرنگ دەزانن بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچی کارەبا و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، خواستیش لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، زیاتر لە پێنج هەزار مێگاواتە، بەڵام هەرێم توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتی هەیە و تائێستاش نەتوانراوە کارەبای پێویست بۆ هاوڵاتیان دابینبکرێت.