سەردێڕ:

مه‌لا به‌ختیار: یه‌كێتی و پارتی خۆیان نه‌گۆڕن گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن

فۆتۆ: 
2019-07-18

11941 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، دەربەندیخان، عومەر فەتاح

مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر تا دوو هه‌ڵبژاردنی دیکە یه‌كێتی و پارتی خۆیان نه‌گۆڕن، گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و به‌دیلی خراپتر دروستده‌بێت.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مەکتەبى سیاسیى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە کۆڕێکیدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ى تەموزى ٢٠١٩ لە دەربەندیخان بەڕێوەچوو له‌ژێر ناونیشانی (حزبایه‌تی له ‌سه‌رده‌می جیهانگیریدا)، ره‌خنه‌ی توندی له ‌شێوازی كار و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی گرت و وتی، "تا دوو هه‌ڵبژاردنی تر یه‌كێتی و پارتی و به‌شێك له ‌حزبه‌كانی تر و به‌تایبه‌تی یه‌كێتی، خۆیان نه‌گۆڕن، گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و به‌دیلی خراپتر دروستده‌بێت، فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ له ‌كوردستان دروستده‌بێت."

له ‌به‌شێكی وته‌كانیدا مه‌لا به‌ختیار وتى، "ئه‌م حكومه‌ته‌ و حزبه‌كان و ره‌فتاری به‌شێك له ‌به‌رپرسه‌كان، به‌گوێره‌ى دڵی خه‌ڵك و میلله‌ت نییه‌ و به‌پێی ئه‌و به‌ڵێنانه ‌نییه‌ كه ‌پێشتر داویانه‌ به ‌خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی دڵی خه‌ڵكیشه.‌"

سه‌باره‌ت به ‌ناوه‌رۆكی پرۆژه‌ سیاسییه‌كه‌شی، كه‌ بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ بڵاوی بكاته‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار وتی، "پرۆژه‌كه‌م دژی هیچ كه‌سێك نییه‌ و كێشه‌م له ‌گۆڕینی ده‌موچاوه‌كاندا نییه‌ و ته‌نها ده‌مه‌وێت حزبه‌كه‌م له‌م گرفتانه‌ ده‌ربازبكه‌م."

ب.ب