سەردێڕ:

پۆستەیەک دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک گەیشتە شوێنی مەبەست

فۆتۆ: 
2019-07-17

5087 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە بابەتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، پۆستەیەک کە لە ساڵی ١٩٩٣دا لە هۆنگ کۆنگەوە نێردرابوو، هەفتەی پێشوو گەیشتە ویلایەتی ئیلینۆیی ئەمریکا.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکە، ژنێکی ویلایەتەکەی ئەمریکا بە ناوی کیم دارپەر دوای ٢٦ ساڵ ئەو پۆستەی لە هۆنگ کۆنگەوە پێگەیشتووە. دارپەر بە سی ئێن ئێنی وتووە، پێیوابووە کە پۆستەکە براوە بۆ ناونیشانێکی هەڵە، بەڵام ناونیشانەکەی تەواوبووە.

وتووشیەتی، "یەکەمجار کە سەیرمکرد پێموابوو کە لەوانەیە بۆ یەکێک لە دراوسێکانم بێت کە نایانناسم،" باسی لەوەش کردووە کە دواتر لە خوێندنەوەی پۆستەکە بەردەوامبووە و بۆیدەرکەوتووە هی ساڵی ١٩٩٣یە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە تووشی سەرسوڕمانێکی زۆر بووە.

بەگوێرەی وتەی دارپەر، بەرواری ٨ی تەمووزی ١٩٩٣ بەسەر نامەکەوە بووە، کە ڕێک ٢٦ ساڵ بەر لە ئێستا دەکات و، ناونیشانی ماڵەکەی ئەویشی بەسەرەوە بووە.

دارپەر باسی لەوەش کردووە، پۆستەکە وێنەی بەلەمی چینییەکانی لەسەربووە و بۆ کەسانێک بووە بە ناوەکانی "لینا و موحەمەد عەلی کیزیلباش."

لە پۆستەکەدا هاتووە، "من کاتێکی خۆش لەم شوێنە زۆر قەرەباڵغەدا بەسەردەبەم."

دارپەر باسی لەوە کردووە، ماوەی چوار ساڵە لەو خانووەدا لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵە ١٢ ساڵانەکەیدا دەژی، باسی لەوەش کردووە کە پۆستەکە بۆ ناونیشانێکی تەواو هاتووە، بەڵام دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک. دارپەر بڕیاریداوە کە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو دوو کەسە بدات کە ناویان لەسەر پۆستەکە هاتووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسەی کە خانووەکەی لێ کڕیوە ئەو دوو کەسە ناناسێت کە ناویان لە پۆستەکەدا هاتووە، هەروەها ناویشیان لە تۆمارەکانی باجدا نییە.

دارپەر باسی لەوە کردووە، لە فەیسبووک کەسێکی بەناوی لینا کیزیلباش دۆزیوەتەوە کە لە مەسەچووسێتس دەژی، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگایەک بۆ پەیوەندیپێوەکردنی بدۆزێتەوە تا بزانێت ئەو کەسە ئەوە کە ناوی لە پۆستەکەدا هاتووە یاخود نا.