سەردێڕ:

ئاسایشى هەولێر راگەیەنراوێکى لەسەر رووداوى تەقەکردنەکە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-07-17

17950 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشى هەولێر  رایگەیاند بەهۆى رووداوى تەقەکردنەکەى شارى هەولێر کارمەندێکى کونسوڵخانەى تورکیا و هاوڵاتییەک گیانى لەدەستداوە.

ئاسایشى هەولێر لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "لە رێستورانتێکی شاری هەولێر رووداوێکی تەقەکردن روویدا، کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاوڵاتیەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش"

لەراگەیەنراوێکەدا ئاسایشى هەولێر ئاماژەى بەوەکردووە، "ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین ."

روونیشیکردووەتەوە، "هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت . لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن ".

ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ریستۆرانتێکى هەولێر تەقە لە ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا کراو کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە.