سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى مەرجی بەشێک لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-16

5083 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە باس لەوە دەکرێت، کە بەشێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان دانوستان دەکەن.

لەوبارەیەشەوە ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، هه‌مووكات‌ بڕوایان به‌ چاره‌سه‌ری کێشەی كورد هەبووە لە ڕۆژهەڵات بە ڕێگای ئاشتیخوازانە، بەڵام ئێران بڕوای بە چارەسەرەکە نەبووە و ئەزموونی دانوستانەکانی پێشووتریش بێمتمانەیی دروستکردووە، ناوەندەکە باسی لەوەشکردووە، بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات، هەندێک لایەنی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە پەیوەندیدان.

ئارام مودەڕیسی  نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە هەندێک لایەنەوە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، حزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا چەند مەرجێکیان هەیە، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە، مەرجەکانیش بریتین لە:-

یەکەم: لە ناوەندێکی باڵای حکومەتی ئێرانەوە وەک عەلی خامنەیی یان پەرلەمانی ئێرانەوە، یاخود سەرۆک کۆمارەوە ڕابگەینرێت کێشەی کورد هەیە، حکومەتیش لەگەڵ حزبە کوردییەکاندا ئامادەی دانوستان بێت.

دووەم: هێزەکانی سووپا لە ناوچە شاخاوییەکان بکشێننەوە

سێیەم: تەقە لە کۆڵبەرەکان نەکرێت

چوارەم: زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن

هەروەها حەسەن شەرەفی بەرپرسی ناوەندی سیاسی حدکا باسی لەوەکرد، "ئێران ٣٠ ساڵ پێش ئێستا عەبدولرەحمان قاسملۆ سەرۆکی حزبەکەمانیی لە دانوستانێکدا تیرۆرکرد  بۆیە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دانوستانەکان بەبێ بەرهەم دەزانێت".

جموجۆڵەکان بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان حزبە کوردییەکان و حکومەتی ئێران لە کاتێکدایە کە فشار و گەمارۆکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران توندتربوون و تائێستاش نازاندرێت هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و دانوستان چ ئەنجامێکیان دەبێت.

هـ.ع