سەردێڕ:

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا

فۆتۆ: 
2019-07-16

3475 جار خوێندراوەتەوە

ڕاستیى و درووستیى به‌ڵگه‌نامه‌كانى ئێن ئاڕ تى له‌سه‌ر سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌جۆرێك بوو، دواى چه‌ند مانگێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌، وای لە وه‌زیرى پێشووى خوێندنى باڵا كرد، سه‌رۆكى زانكۆی هەڵەبجە ناچاربكات كه‌ ده‌ست له ‌كاره‌كه‌ى هه‌ڵبگرێت و له‌ پۆسته‌كه‌ى لاببرێت.

جگه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى بڕوانامه‌كه‌ى، ئێن ئاڕ تى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ڵگه‌نامه‌ى پێنه‌دانى پاداشتى ٧٠ كارمه‌ندى زانكۆكه‌ى بڵاوكرده‌وه،‌ كه ‌ده‌بوو هه‌ریه‌كه‌یان بڕى ١٠٠ هه‌زار دینارى وه‌ربگرتایه‌.

هه‌ر له‌ ساڵى ڕابردووشدا ئێن ئاڕ تى له‌ ڕاپۆرتێكدا ده‌ریخست سه‌رۆكى زانكۆ له‌ یه‌ك كاتدا، ٩ پۆستى زانكۆیه‌کەی به‌ڕێوه‌ده‌برد، كه‌چى دواى ڕاپۆرته‌كه‌ چه‌ند پۆستێكیان پڕکرانەوە.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى به‌دواداچوونه‌كاندا ده‌ركه‌وت، له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو ساڵى كاركردنى، زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕیزبه‌ندیى كۆتایى هه‌موو زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیشدایه‌، ئه‌مە له‌كاتێكدایه‌ ساڵێك پێش ده‌ستبه‌كاربوونى، زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پله‌ى ٩یه‌مى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستاندا بوو.

هه‌ر له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى تردا ده‌ركه‌وت، سه‌رۆكى زانكۆی هەڵەبجە‌ پله‌ى كه‌سێكى به‌رزكردووەته‌وه‌، كه‌ پێشتر سزاى وه‌رگرتبوو له‌سه‌ر گۆڕینى نمره‌ى ٧٤ خوێندكار و ته‌زویركردنى واژووى چه‌ند مامۆستایه‌كى زانكۆكه‌.

دواى ئه‌وه‌ى له ‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌یانه‌وێت له ‌ڕێگه‌ى سیڤییه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌، سه‌رۆكى زانكۆی هەڵەبجە‌ش یه‌كێكبوو له‌و ١٤ كه‌سه‌ى كه‌ سیڤیى پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌ت كرد، بۆئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت له‌ پۆسته‌كه‌ى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ساخته‌بوونى بڕوانامه‌كه‌ى، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ڕێگه‌ى پێ نەدا، هاوشێوه‌ى ١٣ كه‌سه‌كه‌ى دیكه‌ چاوپێكه‌وتن بکات و‌ ناچاركرا پۆسته‌كه‌ى به‌جێبهێڵێت.

هـ.ع