سەردێڕ:

ئەمڕۆ کابینەى نوێی حکومەت یەکەمین کۆبوونەوەى دەکات

وەزیرەکانى پێشوو ماڵئاوایی دەکەن
فۆتۆ: 
2019-07-15

9747 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم یەکەمین کۆبوونەوەى خۆی بکات.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا وەزیرەکانى کابینەی نوێی حکومەت و کابینەکەى پێشووش ئامادە دەبن و تیایدا بەرنامە و کار و پڕۆژە تەواو نەکراوەکان رادەستى وەزیرە نوێیەکان دەکرێت و وەزیرەکانى پێشوو ماڵئاوایی دەکەن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ وەزیرە نوێیەکان دەستبەکاردەبن و مەسرور بارزانیش بەرنامەى کارى حکومەتەکەى بۆ ساڵانى داهاتوو ئاڕاستەى وەزیرەکانى دەکات بۆ کارکردن لەسەرى.

وتیشی، لەمڕۆوە مامەڵەى خانەنشینکردنى وەزیرەکانى کابینەى پێشوو دەستپێدەکرێت و مامەڵەکانیان ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی دەکرێت.

رۆژى (١٠ى تەموزى ٢٠١٩) لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا متمانە بە کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم درا و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرجەم وەزیرەکان سوێندی یاساییان خوارد.

ئ.ر