سەردێڕ:

دەربەندیخان.. ٢٤ ملیار دینارى دیکە بۆ بەنداوى دێوانە تەرخانکراوە

فۆتۆ: 
2019-07-15

3435 جار خوێندراوەتەوە

٢٤ ملیار دینارى دیکە بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى بەنداوى دێوانە لە دەربەندیخان تەرخانکراوە و بڕیارە لە مانگى دەى ئەمساڵدا تەواوبکرێت.

به‌نداوی دێوانە له‌ سنوری قه‌زای دەربەندیخان چەندین‌ كرێكار و وه‌ستا و ئه‌ندازیار كارى تێدا دەکەن، ده‌یانه‌وێت پێش وەرزی بارانبارین كاره‌كانی تەواو بکرێت.

شاندێكی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی عێراق و بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم، بۆ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی‌ به‌نداوه‌كه‌ سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانيان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئیداریی‌ ناوچه‌كه‌دا کۆبوونەوە.

له ‌ساڵی ٢٠١١دا به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوی دێوانه‌ دانراوه‌ و بڕی ١٣ ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكرا و بڕیاربوو ‌له ‌ماوه‌ی چوار ساڵدا ته‌واو بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ له ‌ساڵی ٢٠١٤وه‌ تا سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ كاركردن تێیدا راگیرابوو.

هه‌ژار مه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای جێبه‌جێكار ڕایگەیاند، نزیكه‌ی پێنج مانگه‌ دووباره‌ كاركردن لە بەنداوەکەدا ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌ و بڕی تێچووى پرۆژه‌كه‌ش به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ٢٤ ملیار دینار و تا ئێستاش له‌ سه‌دا ٨٠ى كاره‌كانی ته‌واوكراوه‌.

به ‌تەواوبوونی بەنداوی دێوانە، دەبێتە سێیه‌م بەنداو لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە دوای بەنداوی دوکان و دەربەندیخان.

به‌نداوەکە‌ توانای گلدانه‌وه‌ی ٢١ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ و به‌رزیی به‌نداوه‌كه‌ ٤٢ مه‌تره ‌و پانییه‌كه‌شی ٢٦٠ مه‌تره‌ و درێژییه‌كه‌ی ٣٨٠ مه‌تره‌، بڕیاره‌ مانگی ده‌ی ئه‌مساڵ‌ ته‌واوبكرێت.

ب.ب