سەردێڕ:

هەرێم.. ئامارى پێنج مانگى دەستدرێژیکردنەسەر ئافرەتان بڵاوکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-07-13

6240 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان لە هەولێر ئامارى پێنج مانگى رابردووى دەستدرێژیکردنەسەر ژنان و کچانى بڵاوکردەوە و، بەپێی ئەو ئامارەش لەو ماوەیەدا ٤٣ ژن و کچ دەستدرێژییان کراوەتەسەر.

فه‌رمان محه‌مه‌د بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، لە پێنج مانگى رابردوودا ٤٣ کچ و ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر و، بە بەراورد بە پێنج مانگى سەرەتاى ساڵى رابردووش رووداوەکە کەمیکردووە.

ئاماژەى بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا چوار هه‌زار و ٧٥ سكاڵا له‌لایه‌ن ژنان و کچانەوە تۆماركراوه‌ و سکاڵاکانیش به‌راورد به‌ پێنج مانگی سه‌ره‌تای ساڵی رابردوو ٣٦٨ سکاڵا زیادیکردووە.

وتیشی، هەر لەو ماوەیەدا ٦٧ ژن سوتاون و ٥٥ی دیكه‌شیان خۆیان سوتاندووه‌، هه‌روه‌ها ٢٢ ژن كوژراون و ٣٢ی دیكه‌یان خۆیان كوشتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌راورد به‌ پێنج مانگی سه‌ره‌تای ساڵی رابردوو جگه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا، سه‌رجه‌م جۆره‌كانی دیكه‌ی توندوتیژی كه‌میانكردووه‌.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رووداوەکانى دەستدرێژیکردنەسەر ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان بەردەوامن و لە ماوەکانى رابردووشدا چەند حاڵەتێکى دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانیش روویانداوە.