سەردێڕ:

سۆران عومه‌ر: کەیسی سێوه‌ قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی به‌لاڕێدا ده‌برێت

فۆتۆ: 
2019-07-13

4655 جار خوێندراوەتەوە

سۆران عومه‌ر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانى  کوردستان ڕایگەیاند، تاوانی سوتانی سێوه‌ قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی به‌لاڕێدا ده‌برێت كه‌یسه‌كه دەستوەردانی تێدایه‌ و تۆمه‌تبارێك ئازادكراوه ‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌بوون.

سۆران عومه‌ر لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە کەیسەکە ڕایگەیاندووە، "ئه‌وه‌ی دادگا و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیارو گومانی گه‌وره‌ی دروستکردووە، ئه‌وه‌یه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا تۆمه‌تبارێك كه‌ به‌هۆكاری كێشه‌كه‌ ناوزه‌د ده‌كرێت و سكاڵای له‌سه‌ره‌، سه‌ره‌ڕای ئازادكردنی له‌ ته‌میزی بڕیاره‌كه‌شدا دۆسێكه‌ی داخراوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌و هه‌موو فشار و دەستێوەردانەیە كه‌ كراوه‌ بۆ ئازادبوونی ئه‌و تۆمه‌تباره".

باسی لەوەش کردووە، له‌ ڕۆژانی داهاتوو لەگه‌ڵ هاوڕێكانی له‌په‌رله‌مان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و داواكاری گشتی و ڕێكخراوه‌كانی ژنان و منداڵان و مافه‌كانی مرۆڤ، فشاره‌كان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی ده‌گرنه‌به‌ر له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه.

ڕۆژی ١٦ی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک لە چەمچەماڵ سێوە قادر کە ژنی ئەو ماڵە بوو لەگەڵ سێ منداڵیدا سوتان و بەو هۆیەشەوە گیانیان لەدەستدا، کەسوکارەکەشی پێیان وابوو ڕوداوەکە سروشتی نەبووە و داوای یاساییان لەسەر هاوسەری سێوە قادر تۆمار کرد.