سەردێڕ:

مەسعود بارزانى: پێویستە كێشەكانی کەرکوک لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن

فۆتۆ: 
2019-07-13

3151 جار خوێندراوەتەوە

مەسعود بارزانى ڕایگەیاند، پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لەنێوان هەولێر و بەغدا یەكلاییبكرێتەوە و چارەسەربكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێت جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بێت.

مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان لەبارەى دۆخى کەرکوکەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هیچ سازشێک لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركوك ناكەن و  دەبێت كەركوك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لەگەڵ یەكتر بژین.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، كێشەی كەركوك تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەنێک نییە، بەڵکو كێشەی كەركوك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەوەریە.

سەرۆکى پارتى ڕاشیگەیاندووە، ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتەئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە كە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركوك چارەسەربکرێت و لە چوارچێوەی دەستوردا كەركوك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا لە كەركوك هەیە ناكرێت بەردەوام بێت.

ڕۆژى ١١ى ئەم مانگە پارتى و یەکێتى ڕێککەوتن لەسەر دانانى تەیب جەبار لە پشکى یەکێتى بە پارێزگارى کەرکوک و ڕۆژى١٢ى ئەم مانگەش پێکاتەى عەرەبی دژى دیاریکردنى پارێزگارى کەرکوک لە لایەن پارتى و یەکێتییەوە لە بەردەم باڵەخانەى پارێزگاى ئەو شارە گردبوونەوە.