سەردێڕ:

بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لە حکومەتدا پۆست وەردەگرن بەڵام ناچنە پەرلەمان

فۆتۆ: 
2019-07-09

3242 جار خوێندراوەتەوە

زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ناچنە پەرلەمان، بەڵام کێبڕکێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەکان، ڕەخنەی ئەوەش دەگیرێت کە هەردوو لایەنەکە وەک دەسەڵاتێکی باڵا مامەڵەیان لەگەڵ پەرلەماندا نەکردووە.

بەپێی یاسا لە زۆرینەی وڵاتاندا سێ دەسەڵات هەیە، (یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن)، دەسەڵاتی یاسادانان، پەرلەمان دەگرێتەوە کە ئەندامەکانی بە دەنگدانی هاوڵاتیان دیاریدەکرێن، لە دانیشتنەکانیشیدا بە زۆرینەی دەنگ یاسا دادەنێن و چاودێریی جێبەجێکردنیی دەکەن، دەسەڵاتی دادوەرییش لەسەر بنەمای ئەو یاسایانە ئەو کەسانە سزادەدات کە پابەند نابن بە یاساکانەوە، ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکانیشی، دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، کە یاساکان و فەرمانەکانی دادگاکان جێبەجێ دەکەن.

بەپێی هەیکەلیەتی ئیداریی هەر یەک لە دەسەڵاتی یاسادان و دادوەریی و جێبەجێکردن، لەلایەن کەسێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دەسەڵاتەکانیشی دیاریکراوە، بەپێی یاسا و ڕێساکانی زۆرینەی وڵاتانیش، دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی سەربەخۆن، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە خۆی لە حکومەتدا دەبینێتەوە لەژێر چاودێریی دەسەڵاتەکانی دیکەدایە و لەکاتی بوونی کەموکوڕیدا، هەردوو دەسەڵاتەکە دەتوانن لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن.

لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆماوەی دوو ساڵ ڕێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان کرا، بگەڕێتەوە پەرلەمان و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، پێدەچێت لەم خولەدا لایەنەکان بەشێوازێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەماندا بکەن و مامەڵەکانیشیان جێگەی سەرنجن.

بەپێی ئەو مامەڵەیەی لەکاتی پێکهێنانی حکومەتدا پارتی و یەکێتی لەگەڵ پۆستی سەرۆکی پەرلەماندا کردوویانە، دەیانەوێت پۆستەکە هاوشێوەی وەزیرێکی حکومەت بێت و لە شکۆ و گەورەیی پۆستەکە کەمبکەنەوە، بۆئەمەش پشت دەبەسترێت بە ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لەناو یەکێتیدا دوو کەس کێبڕکێیان بوو لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە بەپێی ڕێککەوتنەکان پشكی حزبەکەیان بوو، ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، دوو ئافرەتن لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا و، هەردووکیان لە خولەکانی چوارەم و پێنجەمی پەرلەماندا ئەندامبوون، کاتێکیش لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا، ڕێواس فایەق وەک سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرا، لە بەرامبەردا پۆستی وەزیری کشتوکاڵ درایە بێگەرد تاڵەبانی، ئەمەش ئەو سەرنجە لای هاوڵاتیان دروستدەکات، کە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرێک جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسیدا، پۆستەکان زۆر جیاوازن و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پۆستی باڵاترە لە پۆستی وەزیر.

پارتی لەم خولەی پەرلەماندا، چەند مانگێکە ڤالا فەریدی کردووە بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەشیان لەگەڵ یەکێتیدا دەبێت پۆستەکە بدەنەوە بە یەکێتی، بۆ ڕازیکردنی ڤالا فەریدیش بۆ وازهێنان لە پۆستەکەی، پارتی بە دانانی وەک وەزیر قەرەبووی دەکاتەوە، ئەمەش هاوشێوەی پێشتر ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، ویستێک هەبێت بۆئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هاوشێوەی وەزیرێک سەیر بکرێت.

جگە لەمانەش، پارتی و یەکێتی، هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسییان نە ناردووەتە پەرلەمان و تەنها چەند ئەندامێکی کەمیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی چوونەتە پەرلەمان، بەڵام لە بەرامبەردا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بۆ پۆستەکانی حکومەت دیاریکراون. لە کاتی دیاریکردنی پۆستەکانیشدا، کێبڕکێی قورس لەنێوان ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبانەدا هەبوو، بەڵام لە کاتی هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدەکانی پەرلەماندا، ئەو کێبڕکێیانەیان نەکرد.

هـ.ع