سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لە دەستدا

فۆتۆ: 
2019-07-08

17910 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى، ژاڵە محەمەد

پۆلیسى سلێمانى ڕایگەیاند، لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا لە ناو ناحیەی بازیان سێ کەس گیانیان لە دەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەنراوێکى بەریوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانیدا هاتووە، ڕووداوەکە لە ناو ناحیەی بازیان روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

هاوکات سیامەند عەلى  ئێشکگرى نەخۆشخانەى شار بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، مێردمنداڵەکە شۆفێرى یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بریندارە لەگەڵ کەسێکى تردا و سێ کەسى تریش گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان گەنجە.

ووتیشى تەرمەکان ڕەوانەى پزیشکى دادى کراون و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەى شار چارەسەریان بۆ دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی دوو هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لەشارەکانی هەرێمدا روویانداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی ٢٢٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٦٧٠ کەسیش برینداربوون.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.