سەردێڕ:

فراکسیۆنى کۆمەڵ: هیچ دامەزراوەیەک مافی دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی نییە

فۆتۆ: 
2019-07-08

1329 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هیچ دامەزراوەیەک مافی دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی نییە، چونکە ئەوە مافى خەڵکە.

لەدواى هەموارکردنى یاسایى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان عەبدولستار مەجید لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لە بڕگەکان هەڵبژاردنى پارێزگار لەدەرەوەى ئەندامانى ئەنجومەن یان بە زۆرینەى رەهاى ناو ئەنجومەنەکەیە، کەئەوەش پێچەوانەى پرەنسیپى دیموکراسییە و زۆر جار بە ساختەکاریی زۆرینە پێکدەهێنرێت.

وتیشی، بڕگەیەکى دیکە کە دەنگیان پێنەداوە بریتییە درێژکردنەوەى وادەى ئەنجومەنى پارێزگاکانە تاوەکو هەڵبژاردنێکى دیکە بەبێ دیاریکردنى وادەیەکى دیاریکراوە، هەربۆیە دەنگیان بەو بڕگەیەش نەداوە، چونکە ئەوە لە پێناو بەرژەوەندى حزبییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە جگە لە فراکسیۆنى کۆمەڵ، فراکسیۆنى نەوەى نوێ و یەکگرتوو و شیوعى دژى ئەو دوو بڕگەیەى هەموارى یاساکە بوو کە لە پەرلەمان پەسەندکرا.

ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران درێژکردنەوەى وادەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى تا هەڵبژاردنى خولى نوێ درێژکردەوە.

بەپێی هەموارى یاساکە، وادەى ئەنجومەنى پارێزگاکان تا هەڵبژاردنى خولێکى نوێ درێژدەکرێتەوە لە حاڵەتى تەواوبوونى وادەى یاسایی ئەنجومەنى پارێزگاکان.

لە ساڵی ٢٠١٤وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکان لە هەرێم ئەنجامنەدراوە و چەند جارێکى تریش وادەکەی درێژکراوەتەوە.

ئ.ر