سەردێڕ:

پەرلەمان داواى لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکات کە بوونە هۆکارى هەڵەى تاقیکردنەوەکان

فۆتۆ: 
2019-07-08

1710 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی کوردستان لە نوسراوێکدا داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بوونە ھۆکاری ئەو ھەڵانەی کە لە تاقیکردنەوە وەزارییەکاندا ڕوویدا.

لەکۆبوونەوەیەکدا لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان داواشی کردووە کە قوتابیانى ده‌رچووی پۆلی دوانزه‌ى ئاماده‌یى، ساڵی یەکەم بێبەرامبەر لە زانکۆ ئەهلیەکاندا بخوێنن.

هاوکات لیژنەکە داواشی لەوەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە کە کرێی خوێندنی پاڕالێل لە زانکۆ حکومییەکان کەم بکاتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ئەزموونە گشتییەکانى ئەمساڵدا بەشێک لە پرسیارەکان هەڵەیان تێدابوو، بەو هۆیەشەوە وەزارەتى پەروەردە چەندنمرەیەکی دا بە خوێندکاران و لیژنەیەکیشى بۆ لێکۆلینەوە لە هەڵەى پرسیارەکان پێکهێنا، بەڵام تائێستا ئەنجامى لیژنەکە رانەگەیەنراوە.

بەهۆى هەڵەى ناو پرسیارەکانەوە بەشێک لە خوێندکارانیش لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێم گردبوونەوە و داوایان لە وەزارەتى پەروەردە کرد قەرەبووى زیاتریان بکاتەوە.