سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوی سەرجەم کاندیدەکانی یەکێتی ئاشکرادەکات

یەکێتی کاندیدی پۆستە باڵاکانی یەکلایی کردەوە
فۆتۆ: 
2019-07-07

22864 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیاریەکانی ئێن ئاڕ تی  ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی سه‌رجه‌م کاندیدانی حزبەکەی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم یەکلایی کردووەتەوە. 

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکلایی کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە رێواس فایەق بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەکلایی کراونەتەوە.

هاوکات، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا کاندیدکردنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزیری پێشمەرگە و ئارام حەمەی مینا بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و حەمەی حەمە سەعید بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری یەکلایی کراونەتەوە.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی بۆ وه‌زیری كشتوكاڵ و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ وه‌زیری پلاندانان و خالید شوانی بۆ وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سێ ده‌سته‌ش هه‌ریه‌كه‌ له‌ عوسمان شوانی و ئیسماعیل مه‌حمود و  ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود كاندید كراون.

یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا جگە لە پۆستەکانی جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و جێگری سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا‌، پێشمەرگە، پلاندانان، كشتوكاڵ، رۆشنبیری ‌و وەزیرێكی هەرێم پشکی ئەو حزبە دەبێت.