سەردێڕ:

وتەبێژى یەکێتى: سبەى ناوى کاندیدەکان رادەستى مەسرور بارزانى دەکەین

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژى یەکێتى
فۆتۆ: شاڵاو عەلى
2019-07-06

5740 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى، شاڵاو عەلى

وتەبێژى یەکێتى رایگەیاند، بە کۆى دەنگ کاندیدەکانیان دەستنیشان کردووە و سبەینێ ناو و سیڤى کاندیدەکان رادەستى مەسرور بارزانى سەرۆکى راسپێردراو بۆ کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم دەکەن.

لەتیف شێخ عومەر دواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ پارتى لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک رێککەوتوون و لەکاتى خۆیدا ناوەکەى ئاشکرا دەکەن.

سەبارەت بە وادەى پێکهێنانى حکومەت باسی لەوەکرد، ئەگەر پارتى و گۆڕان کاندیدەکانیان ئامادەبن رۆژی چوارشەممە هەمووشتێک کۆتایی پێدێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵاى یەکێتى بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى سەکردایەتى یەکێتیدا قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکلایی کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە رێواس فایەق بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەکلایی کراونەتەوە.

هاوکات، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتى یەکێتیدا کاندیدکردنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزیرى پێشمەرگە و دارا رەشیدى بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و حەمەى حەمە سەعیدى بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری یەکلایی کراونەتەوە.

یەکێتی نیشتمانیی كوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا جگە لە پۆستەکانی جێگری سەرۆكی حكومەت ‌و جێگری سەرۆكی هەرێم و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەریەک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا‌، پێشمەرگە، پلاندانان، كشتوكاڵ، رۆشنبیری ‌و وەزیرێكی هەرێم پشکی ئەو حزبە دەبێت.