سەردێڕ:

سلێمانی.. زیاتر لە هەفتەیەکە ئاگرەکەی زبڵدانی ناوچەی تانجەڕۆ کۆنترۆڵ نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-07-05

1461 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، ئیحسان سابیر

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەشێک لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاک لە ناوچەی تانجەرۆ، نزیک لە شاری سلێمانی گڕیگرتووە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، بەهۆی ئاگرەکەشەوە، دووکەڵ و بۆنێکى ناخۆش بە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی بێزاریی دانیشتووانى ناوچەکە.

 پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شوێنی کۆکردنەوەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆ گڕیگرتووە و دووکەڵێکی زۆری دروستکردووە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئەو ماڵانە دروستکردووە کە لە شوێنەکەوە نزیکن.

باسی لەوەش کرد، هەوڵەکانی شارەوانیی سلێمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، چونکە ماوەی پێنج رۆژ زیاترە شارەوانی لە رێگای چەند بارهەڵگرێکی کەمەوە بە هەڵڕشتنی خۆڵ بەسەریدا دەیەوێت ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام تا ئێستا کەمتر لە ٥٠%ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

لەبارەى هۆکاری ئاگرەکەشەوە ڕێکان جەمال وتەبێژى بەرگریی شارستانیى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و گڕگرتنى کەلوپەلەکانەوە ڕوویداوە.

ئاماژەى بەوەش کرد، لە حەوت بنکەوە تیمیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ناردووە.

ڕۆژانە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ تەن زبڵ و خاشاکى شارى سلێمانى دەبرێتە تانجەرۆ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلان بۆ تەلەفکردنی ئەو زبڵ و خۆڵ و خاشاکانە، بەردەوام کارەساتی ژینگەیی، هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی پیسبوونی زیاتری ژینگە و زیانی تەندروستى لێدەکەوێتەوە.

هـ.ع