سەردێڕ:

ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەبێ سەرگەورە

فۆتۆ: 
2018-06-10

3095 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژگارێک وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پشتیان بە پارێزگاری و ڕێنوێنی و پشتگیریی ئەمەریکا دەبەست. کەنداوی سوێز دەرسێکی وای فێری ئیسرائیل و بەریتانیا و فەرەنسا کرد کە بەبێ قایلبوونی واشنتن، سیاسەتەکانیان بۆ ناچنە سەر و سەرکەوتوو نابن. پاشگەزبوونەوە و ھەڵگەڕانەوەی میسڕ ئاستی توانای خۆی بۆ کێبڕکێکردن لەسەر بریکارەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پیشانی ڕووسیا دا. ئەوە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بوو کە وای کرد ھەریەک لە ئیسرائیل و میسڕ و ئەردەن کۆتایی بە جەنگی نێوانیان بھێنن. 

پایە و جێگیربوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەشێکی پەیوەندیی بەو ناوەندگیرییە دیپلۆماسییەوە ھەبوو کە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بوو بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و شەرعییەتدان بە ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتە عەرەبە دراوسێکانییەوە. جگە لەو دۆزانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەیە، زۆرێک لە حوکوومەتە عەرەبییەکان شوێن ئەمەریکا کەوتوون بۆ ھەر کوێیەک پێشڕەوی کردبێت. ھەرەسی یەکیەتیی سۆڤیەت کاریگەریی ڕووسیای لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و زۆر جێگەی دیکەش سڕییەوە.

بۆ بیرھێنانەوەی ئەم مێژووە دەبێت تیشک بخەینە سەر مەودای گۆڕانکارییە جیۆپۆڵەتیکییەکان کە لە ماوەی ئەم سەدەیەدا ڕوویان داوە. ئەمەریکا چی تر چێژ لە پێشەنگی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نابینێت. ھێزە کۆڵۆنیاڵەکانی پێشووتر پێویستیان بە پشتگیریی ئەمەریکایە بۆ دەستوەردان لە ناوچەکەدا، ئەگەرچی وڵاتانی ناوچەکە ئێستا ئیتر سەربەخۆ ئیشی خۆیان دەکەن، دڵنیان کە دەتوانن بۆ ھەر شتێک کە دەیکەن پشتیوانیی ئەمەریکا بەدەست بھێنن. وا دیارە لەم شتەدا ھەڵە نەبن، بە حوکمدان لەسەر پشتگیریی ئەمەریکا لە شەڕەکانی ئیسرائیل لە ھەمبەر دراوسێکانی، ھەوڵ و تەقەلاکانی وڵاتانی خلیجی عەرەبی بۆ ڕووخاندنی حوکوومەتی ئەسەد لە سووریە، ھەروەھا وێرانکردنی ھەنووکەیی یەمەن لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە.

لەم سەدەیەدا، ''پرۆسەی ئاشتی'' سەرپێخراوی ئەمەریکا لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان خزمەتی بە جۆرێک لە فەوزا و ئاڵۆزی کردووە لە کاتێکدا ئیسرائیل فەڵەستینییەکان لە ماڵەکانی خۆیان ڕادەگوێزێت، خاکەکەیان دەداتە دەم خاکی خۆی، ھەروەھا نکوڵی لە خودموختارییان دەکات. بەھۆی زیانبەرکەوتنی پایەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ''پرۆسەی ئاشتی'' کۆتایی ھات. ناساندنی ژوورسالیم [قودس] وەک پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە بە بڕیارێکی یەکلایەنەوە وەک گەورەترین مەھزەلەی دیپلۆماسی لە جیھاندا ھاتووەتە ھەژمار.

لە نەبوون و غیابی سترایتیجدا، ئارەزوو بۆ مانەوە لە ناوچەکەدا بە پاڵپشتیکردنی کردەوەی بریکارەکان سیاسەتی ئەمەریکا بەڕێوە دەبات. جووڵەی بریکارەکانیش سنووری ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی بڕیوە و بەرەو جۆرێک لە خۆسەریی کۆمەڵایەتی و بازرگانی بردوون. تا ئەو ڕادەیەی کە ئێستا ئەمەریکا زیاتر شوێن بریکارەکانی دەکەوێت لە ناوچەکەدا وەک لەوەی پێشەنگیان بێت و ئەمەش کاردانەوەی ملدان و گوێڕایەڵیی ئیدارەی ترەمپە بۆ دوژمنایەتیی ئیسرائیل و سعودیە لە ھەمبەر ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.

لەم سەروبەندەدا، چەند کردەوەیەکی کەمی سەربازی ھاوزەمان لەگەڵ دیپلۆماسییەتێکی وەستایانە وای لە ڕووسیا کرد کە تراجیدیای سووریە بۆ خۆی بقۆزێتەوە [ڕووسیا لەلایەن حوکوومەتی دیمەشقەوە بانگھێشتی سووریە کراوە] تاکو ببێتە ئەو ئەکتەرە دەرەکییەی کە لە پەیوەندییەکانی ناوچەکەدا زۆرترین چاوی لەسەر بێت. تورکیا، کە ڕۆژگارێک لە دەرەوەی ناوچەکەدا بوو و ناتۆی دوژمنی ڕووسیا بوو، ئێستا بەشێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتە دەست، ئەم جارەیان ھەماھەنگیی لەگەڵ ڕووسیا لەناو سووریەدا زۆر شت دەگەیەنێت. میسڕ، ئێران، ئیسرائیل، سعودیە و تورکیا ھەموو خەریکی چاندنی تۆوی پەیوەندین لەگەڵ مۆسکۆ. ئامانجی ھەموویان بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەی زیاد لە ڕادە پشتبەستنە بە ئەمەریکا کە پەیوەندییەکانی لاواز کردووە. ھەمان ئامانج وای لێ کردوون کە ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ بنیاتنانی بازاڕ لە چین و ھیندستان و ھەروەھا بۆ بەدەستھێنانی پشتگیریی ھەر یەکە لە چین و ھیندستان لە سیاسەتی دەرەکییان.

بەردەوامیی ئاکامەکانی ھێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق 

ھێرشی ئەمەریکا بۆسەر عێراق وڵاتی بەرەو پاشەگەردانی و شەڕی ئایینی پەلکێش کرد، بەجۆرێک کە پەیوەندیی نێوان سوننەکان و شیعەکانی لەڕووی ئایینییەوە بەرەو تەڵخ و تاری برد. سیاسەتەکانی ئەمەریکا، کە جەختی لەسەر گۆڕانی ڕژێم کردبووەوە، ھەژموونی سیاسیی لە عێراق و کاریگەری و نفووزی بەھێز لە سووریە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، بە ئێران بەخشی. شکست و ڕووخانی قەڵەمڕەویی لە شام گەرای ترسناکی بزووتنەوەی تیرۆرستیی نوێی لێ کەوتەوە کە بە عێراق، سووریە، سۆماڵ، میسڕ، یەمەن، لوبنان و ساحیلی ئەفریقا بڵاو بوونەوە.

ھەر لە سەرەتاوە، ھێزە ئیسلامییەکانی سووریە دڵخۆش بوون بە پشتیوانیی دوژمنە بیانییەکانی حوکوومەتەکەی ئەسەد، لەناویاندا ئیسلامییە توندڕەوەکان، سوورییەکانی تاراوگە، زۆرینەی وڵاتانی خلیجی عەرەبی، تورکیا، ئیسرائیل و ئەمەریکا. لەو کاتەی شەڕی بریکارەکان تەشەنەی سەند، ھەرەسێکی گەورەی پەنابەر لە سووریەوە یەکیەتیی ئەورووپای تووشی ناسەقامگیری و شلۆقی کرد. شەشسەد ھەزار کەس مردن و دواتریش ١١ ملیۆن سووری ئاوارە بوون، ئەسەد لەنێو کۆپانەکەی خۆی لە دیمەشق مایەوە. ئەسەد شکستی بە ئۆپزسیۆنە چەکدارەکانی خۆی ھێنا بەڵام بۆ ھەمیشە چاولەژێر و قەرزبازری ئێران و حیزبوڵای لوبنان و ڕووسیایە بۆ ئەم سەرکەوتنە. گیانەڵا و لنگەفرتێکانی سووریە وا خەریکە لە شەڕێکی فێڵبازانەی نێوان ئەمەریکا و تورکیا کۆتایی دێت. ئیسرائیل، کە پاشاگەردانی و کەرتبوونی سووریەی دەوێ، ئێستا ململانێیەتی بۆ کۆتاییھێنان بە ئامادەیی شەڕانگێزانەی ئێران لە سووریە و لوبنان. سعودیە و ھەندێک لە وڵاتانی خلیجی عەرەبی کە کەوتن و بەزینی ئەسەدیان دەویست، ئێستا مەجبوورن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ژیان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

دەستوەردانە ھەڵەکانی ئەمەریکا و کاری سەربەخۆی دەوڵەتە بریکارەکانی دۆخی ناوچەکەیان بەم ڕۆژە گەیاند، بەرەیەکی دژە-ئەمەریکایی ڕەگداکوتراوی جیھانی لە ئاسیا و ئەفریقادا سەری ھەڵدا. ئەو جەنگانەی ئەم دۆخەیان ھێنایە ئارا - شەڕی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دوای ھێرشە ڕێکخراوەکەی ١١ی سێپتێمبەر، ناسەقامگیریی عێراق، ڕووخانی حوکوومەتی لیبیا و سیاسەتی ناکۆک و دژبەیەکی نالۆجیکی کە بووە ھۆی پشتیوانیی لە دوژنمە ھاوبەشەکان لە سووریە – خەریکە دەگەنە کۆتایی، یانیش ئەو جەنگانە سەری ئەمەریکا دەخۆن و دەبنە ھۆی شکست و بەزینی. چی تر گۆڕەپانێک نەماوەتەوە بۆ ھێزە ئیمپریالییەکان، ئێستا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ڕکێفی شەڕوھەڵای مەزھەبی و ئایینیدایە، ھەوڵەکانی عەرەب بۆ کەمکردنەوەی ھەژموونی ئێرانی کە ئەمەریکا بەجۆرێک پشتیوانیی لێ کردووە، ھەروەھا قۆرخکردنی مەھزەلییانەی بڕیارە سیاسییەکانی ئەمەریکا لەلایەن دەوڵەتە بریکارەکانی ئەمەریکا. 

چوار ئاڕاستەی گشتی لە ناوچەکەدا

لێرەدا چوار سەرنجی بنچینەیی دەخەمە ڕوو لەسەر تێکڕای ئاڕاستە گشتییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

یەکەم، ئایین وەک بزوێنەر و ئاژووانی مێژوو گەڕاوەتەوە. ڕۆژگارێک ململانێی ناسیۆنالیزمەکان ھەبوو، ئێستا ململانێی ئیسرائیلی-فەلەستینی بووەتە بەشێک لە شەڕوھەڵای فڕە ڕەھەندی ئایینی لە ناوچەکەدا. توندڕەوە سوننی و شیعییەکان توندتوژیی زۆریان بەرامبەر زایۆنیزم، کە لە ئایدۆلۆجیای ھەردوولایاندا بووەتە چەقی بیرکردنەوەیان،  ئەنجام داوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ دۆزی فەلەستینییەکان. ئەم مەوقیفە چێژی لە پشتیوانیی فراوانی جیھانی ئیسلامی بردووە. سەرەڕای بەرژوەندییە ھاوبەشەکان لەگەڵ ئیسرائیل، عەرەبە پراگماتیستەکان پابەستن بە غەزەب و بێزاریی موسوڵمان لە زاینۆیزم. لە ھەمان کاتدا، گۆڕینی ئایینی جوولەکە بۆ دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستی ئایدۆلۆجی لەلایەن زایۆنیستە توندڕەوەکانەوە مەترسی لەسەر ئیسرائیل و جوولەکەکانی جیھان ھەیە بۆ لادان لەسەر ڕێڕەوەی سەرەکی و شوناسی ئەو دەوڵەتەی ناوی ''دەوڵەتی جولەکەیە'' و لادان لە بەھاکانی جولەکە و زیادبوونی ڕەوشتی و ئاکاری نامرۆڤانە. ناخۆشبەختانە، ھەر وەک چۆن ھیندۆتۆڤا [ناسیۆنالیزمی ھیندی] خۆی بە سیاسەتی ھیندییەوە توند گرتووە، ھەر بەو شێوەیەیش ئیسلامۆفۆبیای ھیندی نزیکە لە ئیسرائیلەوە، کە خەریکە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پارێزگاریی لە بەرگریی وڵات.

دووەم، چاوەڕوانینەکردنی ئەو ھێزە دەرپۆقیوانەی کە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دوای ھاوبەشیکردنن لەگەڵیان لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا. چین و ھیندستان خێراترین بازاڕی گەشەکردووی ھەناردەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن. ئەگەرچی چین بەڕوونی ڕایگەیاندووە کە خۆی دوور دەگرێ لە ململانێ و ڕووبەرووبوونەوەکانی ناوچەکە – ئەگەر ئەو ململانێیانە ھیی ئیسرائیل-فەلەستین یان ھیی وڵاتانی خلیج- ئێران بن. چین لە ئێستادا گەورەترین حازری کەرتی نەوتە لە عێراق، سەرمایەگوزارێکی گرنگە لە پیشەسازیی میسڕی و ئێرانیدا، ھێزێکی گەشەسەندووە لە ئەندازیاری و بنیاتنان لە خلیج، ھەروەھا بازاڕێکی سوودبەخشە بۆ سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و تەکنەلۆجیای ئاسایشیی ناوخۆیی. کرێکارانی ھیندستان و پاکستان بڕبڕەی پشتی ئابووریی خلیجی عەرەبین. ھەر وەک چۆن بەھۆی سەرمەگوزاریی ئەفغانستان لە بەندەری چابھاری ئێرانی، پاکستان خۆی دوور دەگرێ لە دەستوەردان لە ئەفغانستان، ھەر وایش ھیندستان خۆی دوور دەگرێ لە سیاسەتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

سێیەم، بێجگە لە ئەمەریکا، ھەموو ھێزە دەرەکییەکان شکستیان ھێناوە لە ھاوبەشیکردنیان لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات کە تووشی ھیستریای ئێران ھاتوون. سیاسەتی ئەمەریکا شوێن ھەمان فۆکەسی ئیسرائیل کەوتووە لەمەڕ توانای ئێران بۆ بوون بە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم. ئەمەریکییەکان ڕۆڵی ئێمە لە فراوانبوونی نفووزی سیاسیی ئێران لە ناوچەکەدا ڕەت دەکەنەوە، کە خەمی سەرەکیی وڵاتانی خلیجی عەرەبییە. خوێندنەوە و ڕێگەی ھەڵەوپەڵەی واشنتن لەمەڕ گەمارۆی سەر قەتەر لەلایەن ئیمارات و سعودیەوە ئەم کاردانەوەیەی خولقاندووە. کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن ھیچ کام لە زلھێزەکانی دنیاوە پشتگیری ناکرێ. دۆخە بە جۆرێکە کە ئەوە ئیسرائیل و ئەمەریکان کەنار خراون نەک ئێران. 

چوارەم، مەترسییەکی ھەقیقیی گەورە لە ئارادایە ئەویش پاش ململانێ و شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە سووریە و شەڕی بریکارانەی وڵاتانی خلیج لەگەڵ ئێران کە بەرەو جەنگێکی گەورە ھەنگاو دەنێ. یەکێک لە سیناریۆکانی ئەم جەنگە ھێرشی ئیسرائیل دەبێ بۆسەر ئێران بە ھاوکاریی سعودیە، ئەمەش وا دەکەوێتەوە کە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ و لەلایەن ھێزەکانی ئەمەریکاوە ھێرش بکاتە سەر ئێران. ئەگەری ئەوەش ھەیە کە ھێزەکانی ئێران و ھاوپەیمانەکانی لە سووریە و لوبنان ھێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و ھەوڵێکیش ھەیە کە ئێران بەرھەمی نەوتی ئیمارات و سعودیە وێران بکات. ڕوون نییە کە ئەم جەنگە چۆن کۆتایی دێت. بەڵام گواستنەوەی سیاسەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر ئێران بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی خلیجی عەرەبی، وای کردووە کە ئەمەریکا لە بارێکدابێ کە نەتوانێت بڕیار لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارە و زۆر پرسیاری دیکەیش بداتەوە.


ن: چاس دەبلیو فریمان – باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە سعودیە، دیپلۆمات و شیکەرەوە و نووسەر
و: ھەژار عوسمان